پارێزگار کێشەکانی بەسرە بە کۆمپانیاکانی نەوت چارەسەردەکات

"یان ئاوی خاوێنمان بۆ دابیندەکەن یاخود لێرە کارە ناکەن"

K24 – هه‌ولێر:

پارێزگاری بەسرە داوا لە کۆمپانیاکانی نەوت دەکات دەست بە دروستکردنی وێستگەی پوختەکردن و پاڵاوتنی ئاو بکەن دەنا رێگایان پێنادرێت لە کارەکانیان بەردەوام بن.

لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤزیۆنی حورە، ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری بەسرە، رایگەیاند: "دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵ ئەو باسە بجوڵێنێت، دەنا ئێمە کاری پێویست دەکەین بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی خۆمان".

پارێزگاری بەسرە دەڵێت: "هەموو ئەو کۆمپانیانەی لە بەسرە کاردەکەن گەر دەیاندەوێت لێرە بمێننەوە، دەبێت وێستگەی پوختەکردن و پاڵاوتنی ئاو دروستبکەن".

ئەسعەد ئەلعیدانی ئاشکراشیکردووە ئەوان رەزامەندی ئیحسان جبوری، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرەیان وەرگرتووە بۆ ئەو مەبەستە.

خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە پارێزگای بەسرە پشتگوێخراون و هاووڵاتیانی ئەو شارە پڕ سامانەش بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایی بەڵام لە نوێترین هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان، پارێزگار، کۆمپانیاکانی نەوت ناچار دەکات ئەو گرفتانە چارەسەربکەن.

H.J