سه‌رۆك بارزانی و چوار هێزی سیاسی عێراق گفتوگۆ له‌باره‌ی حكومه‌تی داهاتوو ده‌كه‌ن

سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ شاندی هاوبه‌شی سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنی كۆده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و شاندێكی هاوبه‌شی لیسته‌كانی (سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنی) عێراقی، جەخت لە پابەندبوون و جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و پارسەنگی لە پڕۆسەی سیاسی و بەشداریی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە حوكمرانیدا ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 27/8/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی لیستی (سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنی)ـی عێراق كردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی مێژوویی و سیاسیی سەرۆك بارزانی لە خەباتی لە دژی دیكتاتۆری و هەوڵەكانی بۆ بنیاتنانی عێراقی نوێ، بیروڕای خۆیان لەبارەی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و چۆنییەتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و هەڵبژاردنی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و میكانیزمەكانی كاركردن و گەرەنتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكه‌یەدا بیروڕا لەبارەی ئەو هەڵە سیاسییانە ئاڵوگۆڕ كرا كه‌ لە قۆناغی دوای 2003 لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و حوكمداریدا ئەنجام دراوە و ڕۆشنایی خرایە سەر ئەو میكانیزمانەی كە ڕێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی هەڵەكان.