حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ده‌داته‌وه‌

سه‌رچاوه‌كانی راپۆرته‌كه‌تان نادیارن

K24 - هه‌ولێر:

له‌ باری ئازادی راده‌ربڕین و مافه‌كانی ئافره‌تان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ده‌داته‌وه‌.

لە ناوەڕاستی مانگی حوزیرانی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2018 بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردبوو بەتایبەتی لە بواری ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین و مافەکانی ئافرەتان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە چەند سەرچاوەیەک بەستووە بێ ئەوەی ئاماژەیان پێبکات و روون نییە کە ئەم سەرچاوانە تا چەند بێلایەن و باوەڕپێکراون".

لە بارەی ئازادی رۆژنامەنووسی و رێگریکردن لە ئەنجامدانی کارەکانیان، دیندار زێباری ده‌ڵێت: بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە هەمان کاتدا پێویسته‌ ده‌زگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان پێچه‌وانه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌فتار نه‌كه‌ن و رووماڵ كردنه‌كه‌یان بۆ رووداوه‌كان بەمەبەستی گه‌یاندنی راستییه‌كان بێت و داواكاری ره‌وای هاووڵاتیان بێت به‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ك ببێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوودا هیچ دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵای دژی لایەنە ئەمنییەکان بەرزنەکردۆتەوە کە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بکات و هەر کاتێک دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵایەکی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەکان ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنە بەر دژی  ئەو کەسانە کە پێشێلکاریان ئەنجامداوە.

دەربارەی ئازادی خۆپیشاندان کە لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا باسكراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "لە کوردستان (رێکخستنی خۆپیشاندان) به‌ یاسای  ژمارە (١١)ی ساڵى (2010)  رێکخراوە کە شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات بەپێی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن مافی رێکخستنی خۆپیشاندانیان هەیە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، هەروەها هەڵگرتن یان لە خۆبەستنی چەک لەلایەن خۆپیشاندەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا دەکات مۆڵەتی هەڵگرتن یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان کاتدا نابێ هیچ ماددەیەکی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سووتێنەر لە کاتی خۆپیشاندانەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵبگیرێت یان لە خۆ ببەسترێت".

 

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2017  رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتوویه‌تی: "خۆپیشاندانەکان بە ناوی داواکانی مامۆستایان ئەنجامدرا، چەند لە لایەنێکی سیاسی هەوڵیانداوە سوود لە داوا رەواکانی خەڵک بەتایبەتی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانه‌كان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان، هەرچەندە کەسانێکی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە نێو خۆپیشاندەران بۆ ئیستفزازکردنی لایەنە ئەمنییەکان، بۆیە هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوه‌پێکردنی ئاژاوەگیڕان، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنێكی سیاسی لە نێو خۆپیشاندەران ئامادەبوون و بە وشەی نەشیاو و بەرزکردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی خۆیان وەک نوێنەری مامۆستایان ناساند".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: " ژمارەیەک خۆپێشاندەر دەستگیرکران و درانە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی کە کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە و خودی خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە و هێرشیان کردە سەر کارمەندێکی پۆلیس و بە چەقۆ بریندار کرا بۆیە ئەم کارمەندە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە و ئەو کەسەی کە هانی داوە بۆ لێدانی ئەو کارمەندەی پۆلیس سەر بە لایەنێکی سیاسی بووە و ئەوەی لێشیداوە سەر بە لایەنێکی سیاسی دیکە بووە و ناسراون، هەروەها بە بەڵگە خۆپیشاندەران جۆرەها (مبرز جرمى)یان لە لابووە وەکو (چەقۆ/دامل بۆکس/دار لاستیک) بۆیە بەپێی ماددەى (10) ی خۆپیشاندان بەپێی یاسا لێکۆڵینەوە لەگەڵدا کرا دواتر ئازاد کران".

سەبارەت بە رەوشی ئافرەتان کە لە راپۆرتەکەی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا باس کراوە گوتوویه‌تی: "لە هەرێمی کوردستاندا ئافرەتان جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە و چەندین یاسای تایبەت بە مافەکانی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان دەرچووە و کاریان پێدەکرێت ورۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەرکردنی بڕیارەکان و لەسەر میلاکی وە‌زارە‌تە‌كان و رێكخراوە‌ مە‌دە‌نیە‌كان بە‌شداری كارایان پێكراوە‌ و‌ چە‌ندین پۆستى گرنگی وەکو كە‌سی یە‌كە‌می هەندێک وەزارەت و دامودەزگای حکومیان پێدراوە، بەردەوام کارکراوە بۆ ئەوەی رێژە‌ی رە‌گە‌زی مێینە‌ لە‌ كاركردندا زیاد بكرێت و بە‌شداریان پێبکرێت لە‌ كار و بڕیارە‌ گرنگە‌كاندا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زیاتر لە (150) رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان هەن و کاردەکەن لەپێناو پاراستنی مافی ئافرەتان. (6) شەڵتەر هەیە بۆداڵدەدانی ئافرەتانی، لەم شەڵتەرانەدا دەیان کەیسی ئافرەتان چارەسەرکراون. لە بارەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ (882) لە ئافرەتان پێکهاتووە".

دیندار زێباری لە بارەی بە زۆر بە شوودانی منداڵان کە راپۆرته‌كه‌ی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژه‌ی پێداوه‌ ده‌ڵێت: "لە بڕگەی (3)ـی مادەی دووی یاسای ژمارە (8ی ساڵی 2011 یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لە هەرێمی کوردستان بە زۆر بە شوودانی کچان وەک یەکێک لە تاوانەکانی خێزانی دانراوە، بۆیە لە هەمان یاسادا سزای توند بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە ئەم جۆرە تاوانە ئەنجام دەدەن.