ئه‌مه‌ریكا دانپێدانانه‌ نهێنییه‌كانی قه‌یس خزعه‌لی بڵاوده‌كاته‌وه‌

به‌ ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنییه‌ واشنتن سوپرایزێك به‌ڕووی ئێراندا ده‌ته‌قێنێته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مه‌ریكا په‌رده‌ له‌سه‌ر نهێنی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یس خزعه‌لی سه‌ركرده‌ی گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ساڵی 2007 لاده‌دات، كه‌ له‌ كاتی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ خه‌زعه‌لی چه‌ندین پیلان و نهێنی ئێران و لایه‌نه‌ شیعه‌كانی له‌دوای ساڵی 2003 بۆ ئه‌مه‌ریكا ئاشكراكردووه‌ و دانی به‌ چه‌ندین راستیدا ناوه‌.

له‌ساڵی 2007 خزعه‌لی له‌ ناوچه‌ی دۆره‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ستگیركرا و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی كوشتنی 5 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ كه‌ربه‌لا له‌گه‌ڵیدا كرا.

وه‌ك رۆژنامه‌ی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرایكردووه‌، له‌ دانپێدانانه‌كاندا، خزعه‌لی باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی ئێران له‌ مه‌شقپێكردنی میلیشیا شیعه‌كانی عێراق كردووه‌، كه‌ دواتر ئه‌و میلیشیایانه‌ له‌ هێزی چه‌كدارییه‌وه‌ گۆڕاون بۆ هێزێكی سیاسی، هه‌روه‌ها باسی په‌یوه‌ندی نێوان تاران و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی وه‌ك جه‌لال تاڵه‌بانی و موقته‌دا سه‌در كردووه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ كه‌ به‌شێك له‌ دانپێدانانه‌كانی خزعه‌لی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، نووسیویه‌تی: "له‌كاتێكدا ده‌قی ئه‌و دانپێدانانه‌ له‌ واشنتن بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كۆشكی سپی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق بخاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌".

هاندانه‌كانی ئێران

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژی 18ی حوزه‌یرانی ساڵی 2007 خز‌عه‌لی بۆ هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ سوپای پاسداران، له‌ سێ بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ نزیك تاران، مه‌شقی به‌ میلیشیا شیعه‌كانی عێراق كردووه‌، له‌ناویان بنكه‌ی ئیمام خومه‌ینی هه‌یه‌ كه‌ خودی خزعه‌لیش سه‌ردانی ئه‌و بنكه‌یه‌ی كردووه‌.

به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێداوه‌، ئێران ئه‌و كات ته‌نیا مه‌شقی به‌ میلیشیا شیعه‌كانی عێراق نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا سه‌ركرده‌ی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق ئاشكرایكردووه‌، "ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداری ئێرانی و لوبنانی سه‌ر به‌ حیزبوڵڵا له‌و بنكانه‌ مه‌شقدراون.. ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر جه‌نگی فراوان راده‌هێندران، له‌كاتێكدا لوبنانییه‌كان تایبه‌ت بوون به‌ جه‌نگی شه‌قام و راهێنانیان له‌سه‌ر چه‌ته‌گه‌ری".

ئه‌و كات ئێرانییه‌كان چه‌ندین پێگه‌یان بۆ میلیشیا عێراقییه‌كان پێشنیازكردبوون بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه‌ ئامانجی هێرشه‌كانیان و داواشیان له‌ شیعه‌كانی عێراق كرد، به‌شێك له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌ به‌ریتانییه‌كان ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ناچاریان بكه‌ن له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌ و فشاریش بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی، كه‌ ئه‌وكات به‌ریتانیا له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا بوو كه‌ له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا.

له‌ساڵی 2011 ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی له‌ عێراق كشانده‌وه‌ و تا ساڵی 2014 جارێكی دیكه‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش گه‌ڕایه‌وه‌ عێراق.

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا قه‌یس خزعه‌لی ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا كردووه‌، ئێران چه‌ندین بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی به‌ میلیشیاكانی عێراق داوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاروانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێ بكه‌نه‌ ئامانج، به‌هۆی ئه‌و ته‌قمه‌نیانه‌وه‌ش به‌سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له‌عێراق كوژران.

لێكۆڵه‌رانی سه‌ربازی كه‌ دانپێدانانه‌كه‌یان له‌ خزعه‌لی وه‌رگرتووه‌ ده‌ڵێن، "خه‌زعه‌لی گوتوویه‌تی، هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت له‌ ئێران مه‌شق له‌سه‌ر ئه‌و بۆمبانه‌ بكات و ئێران هیچ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ چی رووده‌دات".

دوای رووداوه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ربه‌لا كه‌ به‌ قسه‌ی خزعه‌لی ئێران پیلانی بۆ داڕشتبوو، خزعه‌لی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌ستگیركرا و ده‌ست به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا كرا.

ئه‌وكات لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی و شیعه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتبوون كه‌ ئاڵوگۆڕی له‌نێوان سه‌ربازه‌ دیله‌كانی ئه‌مه‌ریكا و لایه‌نگرانی سه‌دردا بكرێت، به‌ڵام وه‌ك خزعه‌لی ئاشكرایكردووه‌، به‌ پیلانێكی ئێران، شیعه‌كان فێڵیان له‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان كرد و رووداوه‌كه‌ به‌ كوژرانی 5 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كۆتاییهات.

دوای ئه‌وه‌ی خزعه‌لی به‌ڵێنیدا ئه‌و گرووپه‌ میلیشیایه‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، چه‌كه‌كانیان داده‌نێن، له‌ كۆتایی ساڵی 2009، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خزعه‌لییان راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كرد و دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م ئازادكرا. 

سه‌در و سه‌ردانه‌كانی بۆ ئێران

له‌ساڵی 2004 سوپای مه‌هدی درزی تێكه‌وت كه‌ له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرا، عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق به‌ سه‌ركردایه‌تی خزعه‌لی له‌و گرووپه‌ جیابووه‌وه‌، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان سه‌در و خزعه‌لی به‌ته‌واوی تێكبچێت، وێستگه‌ی زۆریان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌، له‌وانه‌ش سه‌ردانه‌كانیان بۆ ئێران كه‌ تاران له‌یه‌كی نزیك كردبوونه‌وه‌.

خزعه‌لی به‌ لێكۆله‌رانی ئه‌مه‌ركی راگه‌یاندووه‌، چه‌ندین سه‌ردانی له‌گه‌ڵ سه‌در و به‌ته‌نیاش بۆ ئێران ئه‌نجامداوه‌، به‌مه‌به‌سته‌ی به‌ده‌ستخستنی پشتگیری دارایی و سیاسی و چه‌ك.

وه‌ك وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژه‌ی پێكردووه‌، ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ خزعه‌لیدا كراون، پڕن له‌ ورده‌كاری له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌ی نێوان سه‌در و ئێران و خواستی سه‌در بۆ جڵه‌وگرتن به‌سه‌ر ئه‌و سه‌روه‌ته‌ ئێرانییه‌ی كه‌ بۆ گرووپه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ره‌وانه‌ ده‌كرا.

وه‌ك ئاشكراكراوه‌، له ‌یه‌كێك له‌ سه‌ردانه‌ به‌ته‌نیاكانی له‌ ساڵی 2005، ئێرانییه‌كان به‌ خزعه‌لییان گوتووه‌، پێویسته‌ سه‌در به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری شیعه‌ بباته‌وه‌ و كۆنترۆڵی ته‌واوی وڵات و حكوومه‌ت بكات.  

خزعه‌لی به‌ لێكۆله‌رانی ئه‌مه‌ریكی گوتووه‌، "ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی سیاسی له‌ عێراق له‌گه‌ڵ ئێران هاوسۆزن یاخۆد كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری هه‌ژموونی تاران، له‌وانه‌ش جه‌لال تاڵه‌بانی"، سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق.

به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2008، ئه‌وكات په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سه‌در و خزعه‌لی به‌ره‌و گرژی بوون و خزعه‌لی به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانی گوتووه‌ "سه‌در هیچ ئامانجێكی گشتگیری نییه‌ و ته‌نیا ده‌یه‌وێت ده‌ستكه‌وتی تاكه‌كه‌سی به‌ده‌ستبهێنێت".

ساڵانی سیاسی

دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی 10 ساڵ به‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، گۆڕانكاری به‌سه‌ر دیمه‌نی سیاسی عێراقدا هات و جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان رۆڵی سه‌در و خزعه‌لی به‌دیاركه‌وت.

سه‌در له‌ كۆتایی ده‌یه‌ی رابردوودا سوپای مه‌هدی سڕكرد، دواتریش بوو به‌ ڕێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و ئێستاش سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی سائیرونه‌، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بوو، له‌كاتێكدا خزعه‌لی هێشتا وابه‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و گرووپه‌كه‌ی عه‌سائیبیش له‌گه‌ڵی بوو به‌ گرووپێكی سیاسی و 15 كورسی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ده‌ستهێنا.

كیرك سۆیل، توێژه‌ر له‌كاروباری عێراقدا به‌ رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگه‌یاندووه‌، ئه‌و كورسییانه‌ی خزعه‌لی به‌ده‌ستیهێناون په‌لكێشی ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كی ده‌كه‌ن یانیش ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ به‌ده‌رفه‌ت وه‌رده‌گرێت، بۆئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستی حكوومه‌تی داهاتووی پێ بكات.

ئه‌و توێژه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، له‌كاتێكدا پێشتر عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق ته‌نیا خاوه‌نی 1 كورسی په‌رله‌مانی بوو، كه‌چی به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ئێستا 15 كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ نووسیویه‌تی: "سه‌در به‌وه‌ی له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا ببوو به‌ زمانحاڵی ئۆپۆزیسیۆن، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، پێشبینیش ده‌كرێت ئه‌گه‌ر خزعه‌لیش به‌ هه‌مان وێستگه‌دا بچێت، ئه‌وا ده‌نگێكی زۆر له‌ناو جه‌ماوه‌ری شیعه‌دا كۆده‌كاته‌وه‌".

H.B