ئێران عێراق دەکاتە قەڵغانی خۆی لە جەنگی دژ بە ئەمەریکا

"کارگەی مووشەکی لە عێراق و کوردستان دروستکردووە"

K24- هه‌ولێر:

کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەکی بالیستیکی داوەتە گروپە میلیشیکانی عێراق کە نزیکن لە خۆی، ئامانج لەمەش بەهێزکردنی هەژموونی ئێرانە لە عێراق.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی میلیشیا شیعەکان و مووشەکی دوورهاوێژیان پێبدات، ئەوا پەیوەندی نێوان واشنتن و تاران هێندەی تر ئاڵۆز دەبێت.

رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی حکوومەتی ئێران و دوو سەرچاوەی هەواڵگیری عێراق زانیویەتی، ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، مووشەکی مەودا کورتی داوەتە هێزەکانی لە عێراق وکارگەی تایبەتیشی لە ناو خاکی عێراق بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە مووشەکانە هەیە.

یەکێک لە بەرپرسەکان بەمجۆرە بۆ رۆیتەرز لەبارەی گواستنەوەی مووشەکی بالیستیکی بۆ عێراق دوا: " بیرۆکەکە ئەوەیە، ئێران لە عێراق پاڵپشتی هەبێت ئەگەر هێرشکرایە سەری. ژمارەی مووشەکەکان زۆر نین بەڵام زیاد دەکرێن ئەگەر پێویستبکات".

مووشەکەکانی ئێران بریتین لە زیلزال، فەتح – 110 و زولفەقار کە مەودایی پێکانی ئامنجەکانیان لە 200 بۆ 700 کیلۆمەترە، بەجۆرێک گەر لە باشوور و خۆرئاوای عێراق جێگیربکرێن. دەتوانن ئامانجەکانیان لە ریاز و تەل ئەڤیڤ بپێکن.

لە ئێستادا ئێران، عێراقی کردۆتە هێڵێ بەگری خۆی و بەشێک لە بنکە مووشەکەکانی لەو وڵاتەی دراوسێی جێگیرکردووە.

لە لێدوانێکیدا یەکێک لە فەرماندەکانی پاسداران دەڵێت: "ئێمە ئەو جۆرە بنکانەمان لە زۆر شوێن هەیە، بە عێراقیشەوە. ئەگەر ئەمەریکا هێرشبکاتە سەرمان، هاوڕێکانمان هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە".

رۆیتەرز ئاشکراشیکردووە، بنکەکانی ئێران کەوتوونەتە ناوچەی زەعفەرانییە لە رۆژهەڵاتی بەغدا و ناوچەی جرف سەخر لە باکوری کەربەلا. هەروەها یەکێک لەکارگەکانیش، دەکەوێتە هەرێمی کوردستانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە بەرپرسە عێراقییەکان رەتی دەکاتەوە هێنانی مووشەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق بۆ جەنگی دژی داعش بێت، بەڵکو مەبەست لێی "کارتێکی فشارە ئێران لە کاتی ناکۆکی ناوچەیی بەکاریدەهێنێت".

ئەم هەوڵەی ئێران. ئەوروپا، ئیسرائیل و ئەمەریکا نیگەران دەکات بەتایبەت ئەوەی نێوانی ئەمەریکا و ئێران رووی لە خراپییە. لای خۆشیانەوە، بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ئامادە نەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

H.J