پەنابەرێک بۆ ئەڵمانیا دەبێتە بەڵا

542 تاوانی ئەنجامداوە و ناشتواندرێت دیپۆرت بکرێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

پەنابەرێک لە وڵاتی ئەڵمانیا 542 تاوانی ئەنجامداوە، بەڵام لەبەرئەوەی کەس نازانێت خەڵکی کوێیە، بەرپرسانی ئەڵمانیا ناتوانن دیپۆرتی بکەنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانی، ئەو پەنابەرە لە ساڵی 1998 خۆی گەیاندۆتە ئەڵمانیا، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی پێنەبووە و دەزگا ئەمنییەکانیش نەیاتوانیوە زانیاری وردی لەسەر بزانن. سەرەتا لە شەقامەکان دەمایەوە، بەڵام ئێستا لە شاری فرانکفۆرت نیشتەجێیە.

لە ماوەی 20 ساڵدا، 542 دۆسییەی تاوانی ئاراستەکراوە کە زۆرێک لەو تاوانانەش پەیوەندییان بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە، ماوەیەک زیندانیکراوە و دواتر ئازادکراوە.

پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، جیا لە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، ئەو پەنابەرە لە تاوانەکانی دزی، شەڕ، هێرشکردنە سەر خەڵکی و نەدانی پارەی ئامرازەکانی گواستنەوە تێوەگلاوە.

بە گووتەی پۆلیس، ئەو پەنابەرە تەنها دەڵێت کە خەڵکی باکووری ئەفریقایە، بەڵام لەبەرنەبوونی بەڵگە، پۆلیس بڕوای پێنەکردووە.

میکایل سەیفێرت، وتەبێژی پەنابەرانی پارتی جێگرەوەی راستڕەوی ئەڵمانیا(ئەی ئێف دی)، لەبارەی نەزانینی شوێنی لەدایکبوونی ئەو پەنابەرە لەلایەن پۆلیسەوە دەڵێت: "ئەوە شکستی سستەم و حکوومەت نیشان دەدات".

کێشەی پەنابەران لە ئەڵمانیا کێشەی زۆری بۆ ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، دروستکردووە و پارتە ناسیۆنالیست و ئۆپۆزسیۆنەکانیش چەند جارێک خۆپیشاندانانیان دژی یاسای وەرگرتنی پەنابەران لە ئەڵمانیا رێکخستووە.

H.J