سوننه‌كان به‌دوای هاوپه‌یمانی نوێ ده‌گه‌ڕێن

لایەنە ناڕازییەكان داوای دیالۆگ لە پارتی و یەكێتی دەكەن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

شاندێکی میحوەری وەتەنی سووننە، لە باڵی جەمال کەربوولی سەرۆکی پارتی حەلی عێراقی، لەشاری سلێمانی لەگەڵ یەکێتی و لایەنە ناڕازییه‌كان كۆبوونه‌وه‌، لەکۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و سوننەکاندا بڕیاری پێکھێنانی لیژنەیەك لەنێوان ھەردوولا  درا بۆ ھەمەھانگی نێوانیان لە ناو پەرلەمان و لەدەرەوەی پەرلەمانیش بۆ دروستبوونی حکوومەتێکی دیموکراسی. چوارلایەنەکەش چیتر ناڕازی نین و بەشداری گفتوگۆکان بوون ئەوان پێیان وایە کورد لە بەغدا باشتر وایە یەکگرتووبێت.

ھەرێمی کوردستان جارێکی دیكە بووەتەوە شوێنی کۆبوونەوەی لایەنەكانی عێراق لەلایەکەوە لەھەولێر شاندێکی ھاوپەیمانی وەتەنیە بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و سەلیم جبوری و ساڵح موتڵەگ لەگەڵ سەرۆك بارزانی، لەبارەی پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و حکوومەتی داھاتووی عێراق گفتوگۆیانکرد لەلایەکی دیكەوە ‌شاندێکی میحوەری وەتەنی سوننەکان لەگەڵ یەکێتی و لایەنە ناڕازییەکان لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە و داوای پشتیوانیان لە محەممەد حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرد، ئاڵا تاڵەبانیش ئەندامی نێو شاندی سوننەکاندا بوو کە وەكو سوننە لە مەکتەبی سیاسی یەکیتی بەشداری کۆبوونەوەکە بوو.

لەیس دلێمی، گوتەبێژی فەرمی ھاوپەیمانی وەتەنی بە كوردستان24 گوت: "بڕیاری پێكھێنانی كوتلەیەكی گەورەدراوە كە چوار لایەنەكەش قسەی خۆیان تێیدا ھەبێت، ئێمە لەچوارچێوەی سیاسەتی برایانە كاردەكەین، بەرژوەندی نیشتمان لە پێشینەی كارەكانمانە، لایانەكان لە سلێمانی چەند داوایەكیان ھەبوو بۆ خزمەتی وڵات كە داوای ئێمەشە".

بە گوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ شاندی سوننەكان بڕیاریان لەسەر پێكھێنانی لیژنەیەك داوە بۆ ھەماھەنگی لە ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان بۆ دروستكردنی حكوومەتیێكی دیموكراس كە گوزارشت لە ھەموو پێكھاتەكان بكات.

لەوبارەوە نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "بڕیاردرا كە لیژنەیەكی ھاوبەش لەنێوان ھەردوولادا پێكبھێندرێت و ئەو لیژنەیە ھەنگاوەكان بەرەوپێشەوەببات و لە داھاتووشدا گفتوگۆمان بەردەوام بێت لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان، لەپێناو دروستبوونی دەوڵەتێكی دیموكراسی".

چوارلەیەنە ناڕازییەكە ئیدی ناڕازی نین و بەشداری گفتوگۆکان بوون ئەوان پێشوازی لە پڕۆژەی نیشتیمانی یەکێتی و پارتی دەکەن و پێیان وایە کە کورد لە بەغدا پێویستە یەك دەنگ بێت، ھەربۆیە لەگەڵ شاندی سوننەكان كۆبوونەوە.

موسەنا ئەمین، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "ئێمە حەزدەكەین كورد ناوماڵی یەك بێت و یەك روئیامان ھەبێت بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، بۆ چارەسەری كێشەكان".

گوتیشی: "پڕۆژەی شێوازی دیالۆگی نیشتمانیمان داوەتە پارتی و یەكێتی، پێویستە بەدەم ئەو داوایەوە بێن، بۆ ئەوەی دیالۆگی نیشتمانی ئەنجامبدرێت و روئیای كورد یەكبخرێتەوە، بۆ ئەوەی پێگەی كورد لە بەغدا بەھێزبێت".

كۆبوونەوەی لایەنەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لە كاتێكدایە كە بڕیارە رۆژی دووشەممە خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەمین كۆبووەنەوەی خۆی ئەنجام بدات و لایەنەكانیش ھەموو ھەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رابگەیەنن.

ھ.م