فەڕەنسا دان بە سەرکەوتنی بەشار ئەسەددا دەنێت

"جەنگی ئیدلب سامناک دەبێت"

K24 – هه‌ولێر:

ژان ئیڤ لو دغیا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، پێیوایە بەشار ئەسەد جەنگی سووریای بردۆتەوە، بەڵام شکستی هێناوە لە بەرقەرارکردنی ئاشتیدا.

لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی فرانس- ئینتەر، لو دغیا لەبارەی پێشهاتە نوێکانی سووریا رایگەیاند: "ئەسەد جەنگەکەی بردەوە، بەڵام هێشتا ئاشتی نەبردۆتەوە".

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاشکراشی کردووە: "فەڕەنسا بە گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا و تورکیا، بەدوای چارەسەرێک بۆ تەنگەژەکانی سووریادا دەگەڕێت".

رژێمەکەی بەشار ئەسەد نزیکە لە هێرشکردنە سەر شاری ئیدلب کە دواین پێگەی چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانە، فەڕەنساش پێیوایە "سامناکی جەنگی ئیدلب زۆر لە جەنگی حەلەب زیاتر دەبێت" کە سەدان کەسی بێتاوان بەهۆیەوە بوونە قوربانی.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونە قوربانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شاری ئیدلب، رایگەیاندووە: "گفتوگۆکان دەستیپێکردووە تاکو دەرچەیەکی ئارام بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی دروستبکرێت و شارەکە چۆڵبکەن".

ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رژێمەکەی ئەسەد دەکەن ئەگەربێتو چەکی کۆمەڵکوژی بەکاربێت، رووسیا و سووریاش پێیان وایە وڵاتانی رۆژئاوا بەدوای بەهانەدا دەگەڕێن تاکو هێرشبکەنە سەر سووریا.

H.J