ته‌نيا له‌ رێى كرماشانه‌وه‌ ئێران زياتر له‌ 540 مليۆن دۆلار كاڵاى هه‌نارده‌ى عێراق كردووه‌

قه‌باره‌ى هه‌نارده‌ى ئێران له‌ شاره‌كه‌وه‌ بۆ عێراق گه‌يشتووه‌ته‌ 1.33 ته‌ن كاڵا

K24 – هه‌ولێر:

به‌ڕێوبه‌رى گومرگى پارێزگاى كرماشان، رايگه‌ياند، له‌ 21ى ئازارى رابردووه‌وه‌ تا 22ى ئاب، ئێران به‌ بڕى 541 مليۆن و 969 هه‌زار دۆلار كاڵاى هه‌نارده‌ى عێراق كردووه‌.

خه‌ليل حه‌يده‌رى، به‌ڕێوبه‌رى گومركى كرماشان، به‌ ئاژانسى ئيرناى ئێرانى راگه‌ياندووه‌، قه‌باره‌ى هه‌نارده‌ى ئێران له‌ شاره‌كه‌وه‌ بۆ عێراق گه‌يشتووه‌ته‌ 1.33 ته‌ن كاڵا.

گوتيشى: به‌ رێژه‌ى %52 له‌ رووى نرخ و به‌ رێژه‌ى %27 له‌ رووى جۆرايه‌تييه‌وه‌، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌مان ماوه‌ى ساڵى 2017، هه‌نارده‌ى كاڵاكان بۆ عێراق زياديكردووه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، ده‌روازه‌ گومرگييه‌كانى كرماشان له‌ ئاستى ئێراندا له‌ رووى هه‌نارده‌وه‌ پله‌ى يه‌كه‌ميان به‌ركه‌وتووه‌.

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، هه‌نارده‌ى ئێرانى له‌ رێى ده‌روازه‌ گومرگييه‌كانه‌وه‌ بريتيى بوونه‌ له‌: كه‌لوپه‌لى ناوماڵ، كه‌رسته‌ى پاككه‌ره‌وه‌، ئامێره‌كانى فێنككه‌ره‌وه‌، كه‌رسته‌ى پلاستيكى، هه‌ندێك له‌ سه‌وزه‌ و ميوه‌كان و په‌تاته‌ و ته‌ماته‌.

 ئ.ر