ترەمپ لەبارەی ئیدلب هۆشداری دەدات

پەیامێک بۆ سووریا و رووسیا و ئێران دەنێرێت

K24 – هه‌ولێر:

دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە حکوومەتی سووریا هێرشنەکاتە سەر شاری ئیدلب.

لە تویتێکیدا، ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیوویەتی: "بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا نابێت بێباکانە هێرشبکاتە سەر ناوچەی ئیدلب. رووسیا و ئێران هەڵەیەکی کوشندەی مرۆیی دەکەن گەربێتو لەو تراژیدیایە بەشدار بن."

ترەمپ لەبارەی مەترسییەکانی جەنگی ئیدلب دەڵێت: "رەنگە بە سەدان و هەزاران کەس بمرن. رێگە مەدەن ئەمە رووبدات!"

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونە قوربانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شاری ئیدلب، رایگەیاندووە: "گفتوگۆکان دەستیپێکردووە تاکو دەرچەیەکی ئارام بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی دروستبکرێت و شارەکە چۆڵبکەن".

ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رژێمەکەی ئەسەد دەکەن ئەگەربێتو چەکی کۆمەڵکوژی بەکاربێت، رووسیا و سووریاش پێیان وایە وڵاتانی رۆژئاوا بەدوای بەهانەدا دەگەڕێن تاکو هێرشبکەنە سەر سووریا.

ئیدلب دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سووریا و دواین پێگەی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنە.

H.J