گۆڕان: پێمان باش نييه هه‌ڵبژاردن له كوردستان بكرێت
K24 – هه‌ولێر:
شۆڕش حاجى، گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، رايگه‌ياند، بزووتنه‌وه‌كه‌يان پێى باش نييه هه‌ڵبژاردن له‌م هه‌لومه‌رجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامبدرێت و گوتيشى: هه‌ڵبژاردن يه‌كڕيزى و سه‌قامگيرى هه‌رێمى كوردستان ده‌شێوێنێت.
ئه‌مڕۆ شاندێكى پارتى ديموكراتى كوردستان، سه‌ردانى مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى له شارى سلێمانى كرد.
له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا هه‌ريه‌ك له وته‌بێژى پارتى و گۆڕان باسيان له ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌يان كرد.
شۆڕش حاجى سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له باره‌ى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه، گوتى: "به راشكاوانه راى خۆمان به برايانى پارتى وت، كه كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، وايكردووه، كه‌شوهه‌واى هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمى كوردستان ته‌ندرووست نه‌بێت. خه‌ڵك نيگه‌رانه. بارى گوزه‌رانى خه‌ڵك خراپه. خه‌ڵكى كوردستان له هه‌ڵبژاردنى 12ى ئايار، وێڕاى ساخته‌كارى، به‌ڵام رێژه‌ى به‌شدارى خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردن به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوو، رێژه‌كه‌ى زۆر كه‌متر بووه. دوور نييه له هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌يلوول، ئه‌گه‌ر له كاتى خۆى بكرێت، به‌شدارى خه‌ڵك كه‌متر ده‌بێت له هه‌ڵبژاردنى 12ى ئايار".
گوتيشى: "به گوێره‌ى ئه‌و زانياريانه‌ى ئێمه هه‌مانه، تۆمارى ده‌نگده‌ران هێشتا پاك نه‌كراوه‌ته‌وه. هه‌ڵبژاردن ده‌بێت ببێته مايه‌ى ته‌بايى و يه‌كڕيزى و سه‌قامگيرى له هه‌رێمى كوردستان".
هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمه پێمان باش نييه هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجامبدرێت، ئاشته‌وايى و يه‌كڕيزى خه‌ڵكى كوردستان خراپتر بكات و سه‌قامگيرى بخاته ژێر مه‌ترسييه‌وه. تۆمارى ده‌نگده‌ران ده‌بێت پاك بكرێته‌وه".

له به‌رامبه‌ردا، وته‌بێژى پارتى ديموكراتى كوردستان، مه‌حمود محه‌ممه‌د، رايگه‌ياند، پارتى جه‌خت له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن له واده‌ى دياريكراوى خۆى ده‌كاته‌وه.
گوتيشى: "كاره ته‌كنیكییه‌كانی كۆمیسیۆن ته‌واو بوونه و ته‌واوی رێكار و هه‌نگاوه‌كان به‌ڕێوه‌چوونه و هیچ گرفتێكی ئه‌وتۆ له پێشدا نییه تا هه‌ڵبژاردنی بۆ دوابخرێت".
بڕياره رۆژى 30ى ئه‌يلوول پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.
هاوكات ئه‌مڕۆ، ئه‌نجوومه‌نى كۆميسياران بڕياريدا واده‌ى ده‌ستپێكى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن دوابخات بۆ رۆژى 11ى ئه‌يلوول.
ژماره‌يه‌ك لايه‌نى سياسى داواى دواخستنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، هاوكات ئه‌و لايه‌نانه تا ئێستا به ره‌سمى ئه‌و داواكارييه‌يان ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌كردووه.
پێشتر سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، رايگه‌ياند، دواخستنى هه‌ڵبژاردن پێشێلكردنى ياسا و ئيراده‌ى گه‌لى كوردستانه.
هاوكات، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، له ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لايه‌نه ناڕازييه‌كاندا، رايگه‌ياند، واده‌ى هه‌ڵبژاردن به ره‌زامه‌ندى و راوێژ له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ك ده‌ستنيشان كراوه و كه‌سيش به ره‌سمى داواى دواخستنى له حكومه‌ت نه‌كردووه.