لایەنە ناڕازییەكان یەكتر جێدەھێڵن

گۆڕان پێچەوانەی لایەنەكانی دیكە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی بایكۆت كرد
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پێشتر چوار لایەنە ناڕازییەکەی ھەرێمی کوردستان دەیانگوت ئێمە ھەماھەنگی و رێککەوتنمان لە نێواندا ھەیە بۆ یەکخستنی سیاسەت و ھەڵوێستەکانمان لە بەغدا، بەڵام لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان بایکۆتی کرد و لایەنەکانی دیکە بەشداربوون، بەرپرسێكی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش ئەم ھەڵوێستەی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرەتاییەكی خراپ ناودەبات.

حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو ھەنگاوەی گۆڕان سەرەتاییەكی باش نەبوو، چونكە دوای چەندین گفتوگۆ لەسەر ئەوە رێككەوتین كە بە یەك بەرنامە بچینە بەغدا و گفتوگۆ و ھەنگاوەكانمان ھاوبەش بێت، بەڵام لە بەشداری نەكردنی گۆڕان لە یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێكی لەناكاو بۆ ئێمە وەك سێ لایەنەكەی دیكە جێگەی پرسیارە، تائێستاش نازانین بۆچی ئەو بڕیارەیانداوە".

ئەندامێكی ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پێشتر بە سێ لایەنەكەی دیكەیان گوتووە، کە بایکۆتی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خوولی نوێی په‌رله‌مان دەکەن. دەشڵێت، واباشتر بوو ھەر چوار لایەنەکە پێکەوە بایکۆتمان بکردایە، ئامانجیش لە بایکۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ بەدیھێنانی خواستی دەنگدەرەکانیان دەگەڕێننەوە.

ئەرکان رەئوف، ئەندامی ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "بایكۆتكردنی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان پەیوەندی بە خواستی دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بوو، كە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەزویراتی زۆركرا. ھەموو بڕیارەكانمان بە راوێژە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان".

گوتیشی: "ئەو بڕیارەمان كاریگەری لە ھاوپەیمانێتییمان ناكات، چونكە ھاوپەیمانێتی ئێمە لەگەڵ سێ لایەنەكەی دیكە، بۆ ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە كوردەوە ھەیە پێكەوە بچینە بەغدا، تائێستا ھیچ كۆبوونەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە نەكراوە، بۆیە كاریگەری لە ھاوپیەمانێتیمان ناكات".

 

دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەو چوار لایەنە ناڕازییە لە یەك خاڵدا ھاوبەشبوون، کە ھەر چواریان ئەنجامەکانیان رەتکردەوە، پاشان زیاتر لێک نزیکبوونەوە، بەڵام لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دوو ھەڵوێستی جیاواز لەدوو لایەنیان بینرا، کاتێك گۆڕان بایکۆتی یەکەم كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانی کرد و ھاوپەیمانیش بایکۆتی ھەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆیە دیار نییە ھەڵوێستە جیاوازەکانیان کار دەکاتە سەر پێکەوە بوون و هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان یان نا.

ھ.م