مشتومڕی گه‌وره‌ترین كوتلە كۆتایی نایه‌ت

پارتی و یه‌كێتی جه‌خت له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارتی سوورە لەسەر بەدەستھێنانی مافەكانی كورد لە بەغدا، بۆیە لەگەڵ یەكێتی بڕیاڕیانداوە بەبێ وەرگرتنی دڵنیایی ئامادەنین بچنە ھیچ بەرەیەكەوە ، شارەزایەكی دەستووریش دەڵێت، تازە پارتی و یەكێتی ناتوانن پرسی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی یەكلا بكەنەوە، ئەگەر بشیانویستایە كارێكی لەم جۆرە بكەن دەبوا بەر لە دانیشتنی یەكەمی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بچووبانە پاڵ بەرەیەك ئەوكات پرسی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی یەكلا دەبووه‌وه‌.

دوو كوتلە گەورەكەی نێو ماڵی شیعە لە پەرلەمانی عێراق بەدوای زیادكردنی كورسییەكانیانەوە وێڵن، دوو ھێزە سەرەكیە گەورەكەی نێو ماڵی كوردیش بەدوای لایەنێكدا دەگەڕێن كە داواكارییەكانیان جێبەجێبكەن، ئەوەندەش نا بەڵكو ھەرچی بەڵێنە و دەیڵێن بیكەن بە كردار، بەڵام ھەرچی روویداوە پارتی و یەكێتی بڕیاریانداوە نەبن بە بەشێك لەو ململانێیەی ماڵی شیعە تووشی بووە.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "مەسەلەی كورد ئەوە نییە بلۆك لە بەغدا دروست بكات، بەڵكو دۆزی خاك و میللەتێكە، كورد نابێ بەبێ مەرج بەشداری لە ھیچ كام لە جەمسەرەكانی عێراق بكات، ئەو بەرەیەی كە خواستەكانی كورد جێبەجێ دەكات، دەبێ كورد لەگەڵ ئەو لایەنە دابێت".

پارتی و یەكێتی بە ھەردووكیان خاوەنی 43 كورسی پەرلەمانی عێراقن، قسە و باسی بەشێك لە چاودێرانی سیاسی بەو ئاراستەدا دەچن كە ئەگەر پارتی و یەكێتی بەسەر كوتلەیەكدا خۆیان ساغ بكەنەوە، ئەوا پرسی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی یەكلا دەبێتەوە، بەڵام شارەزایەكی دەستووری ئەمە رەتدەكاتەوە دەڵێت، تازە پارتی و یەكێتی ناتوانن ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە، تەنانەت ئەگەر بچنە پاڵ یەكێك لە كوتلەكانیش.

حەكیم خەسرۆ، شارەزای دەستووری دەڵێت: "ئێستا پارتی و یەكێتی ناتوانن بچنە چوارچێوەی كوتلەی گەورە، چونكە ئێستا ئەوە یەكلا بووەتەوە، دەبوایە ئەوان پێش پێكھاتنی كوتلەكان خۆیان یەكلاكردبایەوە، ئێستا بڕیار بە دەستی دادگای فیدڕالییە، ئەو لایەنانەی كە رادەسپێردرێت بۆ پێكھێنانی حكوومەت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات، ئەوكات پارتی و یەكێتی رۆڵی سەرەكیان دەبێت لە دانووستانەكان".

ھ.م