عه‌بادی فه‌رمانی سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران ده‌رده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق، به فه‌رمانێك ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به توندی به‌ره‌نگاری "كرده‌ی گێره‌شێوێنی" ببنه‌وه كه له خۆپیشاندانه‌كانی پارێزگای به‌سره‌دا رووده‌ده‌ن و پارێزگاریی له دامه‌زراوه گشتی و تایبه‌ته‌كان بكه‌ن.
فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له باره‌گای فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌منی له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی به‌سره كردووه".
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه "رێوشوێنی تایبه‌ت بۆ پاراستنی ئاسایش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و تایبه‌ت بگیرێته‌به‌ر، فه‌رمانیش دراوه ده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان كراوه بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ "كرده‌ی گێره‌شێوێنی" كه له ناو خۆپیشاندانه‌كاندا رووده‌ده‌ن و پارێزگاریی له دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت بكرێت و (یاسا بسه‌پێنرێت)".
فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "له‌سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان پێویسته پابه‌ندی ئه‌و فه‌رمانانه‌بن و رێوشوێنی یاسایی توند بگرنه‌به‌ر، داوا له هاووڵاتیانیش ده‌كه‌ن هاوكاریی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان بكه‌ن و له هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌ك كه ئامانجی په‌لاماردانی دامه‌زراوه‌كانه دووركه‌ونه‌وه و هاوكاریی ئه‌و گرووپانه نه‌كه‌ن و له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه نه‌یانگوازنه‌وه و پابه‌ندی رێنماییه‌كانی دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان بن".
خۆپیشانده‌رانی پارێزگای به‌سره له ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و ئێرانییه‌كان تووڕه‌ن و رۆژی هه‌ینی 7/9/2018 هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له شاره‌كه و سووتاندیان.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره به‌شێوازی جۆراوجۆر ناڕه‌زایی دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان ده‌رده‌بڕێن و ده‌ڵێن: "ته‌نانه‌ت ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه و ئاوی سوێر ده‌خۆنه‌وه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه نه‌خۆشی و په‌تا له پارێزگاكه بڵاوبووه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها نه‌بوونی كاره‌با و ده‌رفه‌تی كار به‌رۆكی خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره‌ی گرتووه‌و له دوێنێشه‌وه خۆپیشاندانه‌كان زیاتر و خۆپیشانده‌ران تووڕه‌تر بوون و به‌و هۆیه‌وه هێزه ئه‌منییه‌كان به‌توندی به‌ره‌نگاریان بوونه‌ته‌وه‌و چه‌ندین خۆپیشانده‌ر كوژراوون و بریندار بوون.