ئاگره‌كه‌ی به‌سره 7 بڕیار به عه‌بادی ده‌رده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی له‌باره‌ی دۆخی به‌سره به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی كاربه‌ڕێكه‌ری ئه‌نجوومه‌نی وزیران ئه‌نجامدا و، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا 7 بڕیار بۆ هێوركردنه‌وه‌ی پشێوییه‌كانی ئه‌و شاره و جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌ركران.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌ی میدیایی عه‌بادی كه دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ركرا: "بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی به‌سره ده‌ریكردووه، حكوومه‌ت بڕیاریداوه ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی رێنماییه‌كانی بودجه‌ی گشتی ساڵی 2018 جێبه‌جێ بكات"، بڕیاره‌كانیش ئه‌مانه‌ن:
- پیشتگیریكردنی خه‌ڵكی به‌سره به‌تایبه‌ت خێزانی قوربانیانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی.
- ناردنی تیمێكی وه‌زاری به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره 271ی ساڵی 2018 بۆ به‌سره و مانه‌وه‌ی ئه‌و تیمه له‌و پارێزگایه تا ئه‌ركی خۆی ته‌واو ده‌كات "ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی به‌و تیمه داوه".
- ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانی ئه‌و پارێزگایه ته‌رخانكراوه، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئیداری ئه‌و تیمه خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ت و به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كانی پیشووی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌بێت.
- پابه‌ندبوونی هێزه ئه‌منییه‌كان و هێزه چه‌كداره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا و توانای پارێزگاریكردن له هاووڵاتیان و سامانه گشتی و تایبه‌ته‌كان.
- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خۆپیشاندانی ئاشتیانه مافێكی ره‌وایه و پێویسته پارێزگاری له‌و مافه بكرێت.
- پشتگیركردن له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵمه‌ته‌كانی بونیادنانه‌وه و كاری خۆبه‌خشانه.
- به‌رده‌وامبوون له‌گه‌ڵ توێژی گه‌نجان له پارێزگای به‌سره و به‌شداریپێكردنیان له پڕۆژه‌كانی چاكسازی.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له دژی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری پارێزگای به‌سره‌ی گرتووه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت ئاوی خواردنه‌وه و كاره‌با، له‌گه‌ڵ فه‌رامۆشكردنی داواكاری خۆپیشانده‌رانیش له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، رۆژبه‌ڕۆژ تووڕه‌یی خه‌ڵكی ئه‌و شاره توندتر بوو، دواجار به‌هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان، به‌سه‌دان كه‌س بوونه قوربانی و ئاگری تووڕه‌یی خۆپیشانده‌رانیش چه‌ندین باره‌گای حزبی و حكوومیی سووتاند، له‌دوا گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌و شاره‌ش، شه‌وی رابردوو كونسۆلخانه‌ی ئێران له به‌سره سووتێنرا، ئه‌مه‌ش وایكرد تاران داوای ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه له به‌غدا بكات، كه كونسۆڵخانه‌كه‌یان سووتاندووه.
H.B