سه‌رۆك بارزانی ئیدانەی پەلامارەكه‌ی كۆیه‌ ده‌كات

"كێشەی گەلی كورد بە توندوتیژی و كوشتن و بوردومان چارەسەر ناكرێت ڕێگە و شێوازی ئاشتیانە باشترین چارەسەرە"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، په‌یامێكی له‌ باره‌ی بۆردومانكردنی باره‌گاكانی هه‌ردوو حزبی دیموكرات له‌ كۆیه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، بە پەلاماری مووشەكی و بوردومانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگاكانی هه‌ردوو حزبی دیموكرات لە شاری كۆیە زۆر نیگەران و خەمبارم بە تایبەت كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەجێهێشتووە.

سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، سەرەخۆشیی خۆی ئاراسته‌ی كەسوكاری شەهیدانی ئەو پەلامارە ده‌كات و هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.

به‌ شێكی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "داوا لە هەموو لایەكیش دەكەم كە هەرێمی كوردستان نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێ چونكە خودی هەرێم كێشە و تەحەددیات و هەڕەشەی گەورەی لەبەردەمە".

سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت: "بە پێویستیشی دەزانم ئەوە بە گشت لایەك ڕابگەیێنم كە كێشەی گەلی كورد بە توندوتیژی و كوشتن و بوردومان چارەسەر ناكرێت و ڕێگە و شێوازی ئاشتیانە باشترین چارەسەرە بۆ هەموو كێشەكان".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە پەلاماری مووشەكی و بوردومانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگاكانی هه‌ردوو حیزبی دیموكرات لە شاری كۆیە زۆر نیگەران و خەمبارم بە تایبەت كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەجێهێشتووە. لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم، سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی ئەو پەلامارە دەكەم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.

داوا لە هەموو لایەكیش دەكەم كە هەرێمی كوردستان نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێ چونكە خودی هەرێم كێشە و تەحەددیات و هەڕەشەی گەورەی لەبەردەمە. بە پێویستیشی دەزانم ئەوە بە گشت لایەك ڕابگەیێنم كە كێشەی گەلی كورد بە توندوتیژی و كوشتن و بوردومان چارەسەر ناكرێت و ڕێگە و شێوازی ئاشتیانە باشترین چارەسەرە بۆ هەموو كێشەكان.

مسعود بارزانی

8ـی 9ـی 2018