گرێ كوێرەكە دەكرێتەوە

عەبادی لە ھاوكێشەكان دوور دەخرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدرو هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری، بڕیارە لەماوەی سێ رۆژی دیکەدا گەورەترین کوتلە لە پەرلەمانی عێراق رابگەیەنن بۆ پێکهێنانی حکوومەت، هەرچەندە بڕیارە 15ی مانگ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەڵام ئەندامێکی هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت، پێش ئەو وادەیە کوتلەی گەورە رادەگەیەنین و کوردیشمان لەگەڵە.

بەپێی ئاماژەكان پێیدەچێت لە ھۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە نەخشەی سیاسی ئەو وڵاتە بگۆڕێت، ئەمجارە هەردوو هاوپەیمانی سائیرون و فەتح بڕیاریانداوە کوتلەی گەورە پێک بهێنن ، هەنگاوەکان له ئاستێکدا چوونەتە پێشەوە کە وەک ئەندامێكی کوتلەی سائیرون دەڵێت، رەنگە لە چەند رۆژی داھاتوودا گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی رابگەێنرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

ئەمجەد عەقابی، ئەندامی هاوپەیمانی سائیرون بە كوردستان24 راگەیاند: "بە دڵنیاییەوە كوتلەی گەورە رادەگەیەنین، داخوازی برا كوردەكانمان دەستوورییە و ھیچ كێشەیەكمان لەگەڵ داخوازییەكانیان نییە، دەستوور دەكەینە دادوەر لە نێوانمان. بەڵێنیان داوە لەگەڵمان بن".

ئەگەر ئەو دوو هاوپەیمانییە یەک بگرن، ئەوە خەونی حەیدەر عەبادی، لەبار دەچێت، کە جارێکی دیکە دەیویست ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەو دوو هێزە لە هەموو هێزەکان نزیکترن لە کورد، وەک خۆیان دەڵێن، داواکاری هێزە کوردیانیانش لە وەرەقەیەکدا وەرگرتووە بۆ ئەوەی بێنە نێو هاوپەیمانێتیکەیانەوە.

ھەروەھا عەباس زاملی، ئەندامی کوتلەی بەدر لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: "هاوپەیمانی سائیرون و فەتح بەو پێیەی كە زۆرینەن دەتوانن گەورەترین كوتلە پێك بێنن، ئەو حكوومەتەی كە پێكدێت پێویستە بە ھێزبێت و لەلای شەقامی عێراقی پێگەی ھەبێت، فەتح و سائیرون بەرەو ئەوە دەڕۆن كە حكوومەت پێك بھێنن و سەرۆك وەزیران دیاربكەن".

ھ.م