نوێنه‌ری سیستانی نه‌فره‌ت له عه‌بادی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د فه‌له‌ك مالیكی، نوێنه‌ری ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانى عێراق له به‌سره، هێرشی توندی كرده سه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ر، به‌هۆی ئه‌و گرفتانه‌ی له كه‌رتی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانی به‌سره هه‌یه، له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌یه.
محه‌مه‌د فه‌له‌ك مالیكی، كه نوێنه‌ری سیستانییه له به‌سره، له یه‌كێك له حوسه‌ینییه‌كانی شاره‌كه به بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی كۆچی له وتارێكدا "نه‌فره‌تی له عه‌بادی" كرد و گوتی: "نه‌فره‌تی خوا له‌خۆی و حكوومه‌ته‌كه‌ی" و به "شووم" وه‌سفی كرد.
له وتاره‌كه‌یدا، ئه‌و نوێنه‌ره‌ی سیستانی، گاڵته‌ی به‌و به‌ڵێنانه‌ی عه‌بادی كرد، كه دواى خۆپیشاندانه‌كان و توندوتیژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پارێزگاكه، به هاووڵاتییانی شاره‌كه‌ی داوه.
نوێنه‌ره‌كه‌ی سیستانی راشیگه‌یاندووه، كه دوای وێرانبوونی به‌سره عه‌بادی هاتووه‌ته شه‌ره‌كه و گوتی: "پاڵپشتی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌م كه داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بادی كردووه".
هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌ره‌ڕای داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی كراوه، كه‌چی عه‌بادی هاتووه‌ته به‌سره، كه‌سیش پێشوازی لێنه‌كرد، به رووێكی قایمه‌وه هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه تۆپه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه"، كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بێته‌وه ناو ململانێكان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌م، كه هیوایه‌كی زۆری پێ نه‌ماوه.
له درێژه‌ی گوته‌كانیدا به‌رامبه‌ر به عه‌بادی، نوێنه‌ره‌كه‌ی سیستانی گوتی: "نه به‌خێر و نه به سه‌لامه‌تیش بێی له‌گه‌ڵ خۆت و وه‌زاره‌ته‌كانت، دوای چی دێیه به‌سره؟ دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكى به‌سره‌ت له خواردنه‌وه‌ی ئاوی سوێر تێر كرد؟"
به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی هاووڵاتییانی به‌سره و تێكه‌وتنی گرژی له خۆپیشاندانه‌كان، نزیكه‌ی 15 خۆپیشانده‌ران كوژران و 70ی دیكه‌ش بریندار بوون.
هۆكاری خۆپیشاندانه‌كانیش كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌كان بوو له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئاوی خواردنه‌وه، كه سوێره و به كه‌ڵكی خواردنه‌وه نایه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ی پیسبوونی ئاوی ماڵان گه‌یشتووه‌ته 100%.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه ته‌ندرووستییه‌كانی پارێزگاكه، رۆژانه به‌هۆی خواردنه‌وه‌ی ئاوی پیس، 400 كه‌س ژه‌هراوی ده‌بن و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كرێن.
ا. م