نێچیرڤان بارزانی و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێكهینانی حكوومه‌تی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه.
به گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانى، پێشوازى له شاندێكی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی به سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌راڵ پۆل فانك كرد، كه به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی و ناساندنی شوێنگره‌كه‌ی، سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانیان كردبوو.
له دیدارێكدا جه‌نه‌راڵ فانك سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكه‌ش به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگاكانی كرد بۆ هاوكارییان له كار و ئه‌ركه‌كانی و پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی پاراستنی سه‌قامگیری و هاوكارییكردنی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه له ڕاهێنانی پێشمه‌رگه و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت، پێشكه‌ش كرد.
جه‌نه‌راڵ فانك، شوێنگره‌وه‌ی خۆی، كه جه‌نه‌راڵ پۆل جۆزێف لاكامێرایه به سه‌رۆك وه‌زیران ناساند، كه له‌مه‌ودوا له شوێنی ئه‌و وه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا ده‌ست به‌كار ده‌بێت.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ڕۆڵی جه‌نه‌راڵ فانكی كرد و دڵنیای كرده‌وه حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بن له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا بنه‌بڕ بكرێت.
هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵه‌كانیانی كرد له بواری رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ هه‌ردوو ژه‌نه‌رال فانك، ژه‌نه‌راڵ لاكامێرای خواست له ئه‌ركی نوێیاندا و هه‌ر ئاسانكاری و هاوكارییه‌كی بۆ ئه‌رك و كاره‌كانی شوێنگره‌كه‌ی دووپات كرده‌وه.
تاووتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و پرۆسه‌ی سیاسی و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و دۆخی ئه‌منیی ناوچه‌كه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.