خەڵكی به‌سڕه‌ دوو رۆژ مۆڵه‌ت به‌ حكوومه‌ت ده‌ده‌ن

توڕەی خەڵكی خۆپێشاندەرانی بەسرە دانامركێتەوە
kurdistan24.net

K24 - بەسرە

لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەکانی بەسره‌ بە بۆنەی 1ی موحەڕەم و ساڵی نوێی كۆچییەوە، تەنیا دوو رۆژیان مۆڵەت داوە بە حکوومەت تاکو داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات، دانیشتوانی شارەكه‌ش هه‌ر بەم بۆنەیەوە داوا لە مەرجەعیەت دەکەن بە هانایانەوە بچێت.

مەهدی کۆکز، هاووڵاتیەكی دانیشتووی بەسرەیە ئەو بە كوردستان24 گوت: "لە گەڕەكەكەمان خزمەتگوزاری نییە و خۆڵ و خاشاك خەڵكی ھەراسان كردووە، چەندین ھاووڵاتی نەخۆش كەوتوون".

زیاتر لە 70% خەڵكی بەسرە شیعەن و داوا دەكەن مەرجەعیەت بێتە دەنگ و لەو نەھامەتیە رزگاریان بكەن.

ھاووڵاتییەكی دانیشتووی بەسرە بەناوی رسەن ئیبراهیم، دەڵێت: "داواكارین لە مەرجەعیەت و بەتایبەتی سیستانی بەدەم داواكاری خەڵكەوەبێت، پەیامێك ئاراستەی حكوومەتی نوێی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران بكات، چونكە سیستانی یەكەم كەسی عێراقە".

حوسێن عەلوان، یەكێكی دیكە لە دانیشتووانی بەسرە دەڵێ: "لە رێگەی كەناڵی كوردستان24 داوا لە حكوومەت رێگە و بانەكانی بەسرە چاك بكاتەوە، ھەروەھا كێشەی نەبوونی ئاو چارەسەر بكات".

ھ.م