دیدارێك بۆ خستنهڕووی كارهكانی دیلا بەڕێوەدەچێت
K24 - سلێمانی
بۆ بەرز راگرتنی کارو بەرھەمەکانی لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا دیدارێك بۆ كارەكانی شاعیرو گۆرانیبێژو ئاواز دانەر محهمهد ساڵح دیلان بەڕێوەچوو، بەشێك لە ئەندامانی دیدارەکە بە گرنگی دەزانن لوتکەکانی ئەدەبیاتی کوردی لە یاد نەکرێن.
ناوی محهمهد ساڵح دیلان، لە ئەدەبیاتی کوردیدا ناوێکی تایبەتە، یهكێكه لهو کەڵە نووسەرو ھونەرمەندانەی لە مێژوودا ناوی تۆمار کراوە ، بەڵام دیلان لە شیعر نووسین و گۆرانی گوتن و ئاواز داناندا تایبەتمەندێتی خۆیی ھەبووە، بۆ بە زیندوو ھێشتنەوەی شاکارەکانیشی لە سلێمانی دیداری رۆشنبیری و ھونەری دیلان بە ڕێوەچوو، سەرپەرشتیارانی دیدارەکەش بە گرنگی دەزانن لوتکەکانی ئەدەبیاتی کوردی دیدارو کۆڕیان بۆ سازبکرێت.
یاسین قادر بەرزنجی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی دیدارەکە بە كوردستان24 گوت: "وێرای ئەوەی ھونەرمەند و مقامبێژو بەستەبێژێكی زۆر نەمرە لە پانتایی ئاواز و ھونەری كوردیدا، لە ھەمانكاتدا كەسێكی تێكۆشەربووە و زوو زوو بووەتەوە بە میوانی زیندانی تاریكپەرستەكانی رژێمی پێشووی عێراق".
کەسایەتی دیلان بە جۆرێك بووە، ھاوڕێ و خانەوادەکەشی شاھیدی ئەوەی بۆ دەدەن کە بە درێژای تەمەنی ھەرگیز بەرژوەندی تایبەتی لەبەرچاو نەگرتووە ھەمووکات خەمی نیشتیمان و بەرژوەندی گشتی پێشخستووە.
ھەڵبەست كوڕی محهمهد ساڵح دیلان، دەڵێت: "ھەر كاتێك كە لەسەر مامۆستای شیعر و ئەدەب و ھونەر قسەم كردووە، كوڕ و باوكایەتیم وەلا ناوە، بە ویژدانەوە وەك كەسێكی ئەم كۆمەڵگەیە بە شاعیرێكی گەورە و كەسایەتییەكی خاوەن رێز خۆشەویستی ناوم بردووە".
محهمهد ساڵح کوڕی مەلا ئەحمەدی دیلانە لەساڵی 1927 لە گەڕەکی گۆیژە لە دایکبووە ، ساڵی 1990 کۆچی دوایی کردووە. ساڵی 1954 دەستی کردووە به شیعر نووسین و خاوەنی دیوانێکی چاپکراوەو نزیکەی 38 گۆرانی ھەیە، کە ھەندێکیان بڵاونەکراونەتەوەو بەشێکیشیان بوونهته بە بەشێك لە مێژووی پرشنگداری ئەدەبی کوردی.
ھ.م