بریتانیا له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقدا چاوی له‌ رۆڵی كورده‌

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌ريتانيا جەخت لە گرنگی رۆڵی كورد لە پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەكاتەوە و خۆشحاڵیشه‌ به‌ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ جۆن وێڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كۆبووەوە، بە گوێرەی هه‌واڵێكی ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بەریتانیا  جەختی له‌ پێویستیی ڕۆڵی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێكهێنان و هاوبه‌شى له‌ بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی داهاتوودا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ كردووەتەوە، ھەروەھا باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ده‌ربڕىوە و هیوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوویان بۆ هه‌رێمی كوردستان خواستووە.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی، جه‌ختى له‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و به‌هێزیی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا كردووەتە‌وه‌ و به‌شداری و ڕۆڵی ئەرێنیی هه‌رێمى كوردستانى له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی داهاتووى‌ عێراقدا بۆ چاره‌سه‌ریى كێشه‌كانی عێراق و كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌ گرنگ داناوە.