لە سلێمانی گۆڕی ناوداران دەشێوێندرێ

گۆڕی سالم و كوردی و ئەمین زەکی بەگ شێوێندراوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ماوەیەکە لە پارێزگای سلێمانی دیاردەیەکی نامۆ سەریھەڵداوە، ئەویش لە گۆڕستانەکان گۆڕی چەند کەسایەتییەکی ناوداری مێژووی کورد و کوردستان بە مەبەست دەشێوێندرێت، بەشێك لە نووسەر و رووناکبیرانیش داواکارن سیمبولە نەتەوەییەکانی کورد بپارێزرێن و لە ھۆكاری شێواندی گۆڕی ئەدیبان بكۆڵدرێتەوە.

گۆڕی سالم و کوردی، دوو شاعیرن دەتواندرێت لە مێژووی کوردا ئەدەبیاتی کوردیان پێ بناسرێتەوە، بەڵام گۆڕەکانیان لە گردی سەیوانی شاری سلێمانییە و نەتوانراوە بپارێزرێت، ئەمەش نیگەرانی لای بەشێکی زۆر لە نوسەران و رۆشنبیران لێکەوتووەتەوە .

کامەران سوبحانی نووسەر لەوبارەوە بە كوردستان24 گوت: "رۆژێك ھاتم سەردانی گردی سەیوانم كرد، بەداخەوە بینیم گۆڕی سالم و كوردی بەشێوەیەكی زۆر بێ ئەدەبانە شكێندراون، من پێم وایە یەكێك لە ھۆكارەكانی ئەوەیە لێدانە لە سیمبول و مێژووی شار و نەتەوەییەكانی میللەتی كورد".

بەشێک لەشوێنە دیارو گشتییەکانی شاری سلێمانی پەیکەری ھەندێك لە نووسەر و شاعیرانی کورد وەکو رەمزێک بۆ مانەوەی ئەدەبیاتی کورد، لە لایەن ھونەرمەندانەوە دروستکراوەو دانراوە، دیارترینیان ئەو کارانەی کە بۆ نووسەران کراوە لەلایەن کەسانی خۆبەخشەوە.

زاھیر سدیق، كە یەكێكە لە پەیکەرسازەكانی كوردستان لەوبارەوە دەڵێ: "رەنگە ھێزێكی تاریكبین لەپشت شكاندنی گۆڕی كەسایەتی و ناوداران بێت لە سلێمانی، ئەگەرنا بۆ گۆڕەكانی دیكە وەكخۆیان ماونەتەوە و ئەوانی دیكە وایان بەسەر ھاتووە".

ھ.م