"سووریا فڕۆکە رووسیەکەی خستووەتە خوارەوە"

"بەو مووشەکە خراوەتە خوارەوە کە رووسیا داویەتی بە سوپای سووریا"

K24 – هه‌ولێر:

لەکاتی هێرشەکانی دوێنێ شەوی "فڕۆکەکانی ئیسرائیل" بۆ چەند ناوچەیەکی شاری لازیقیەی سووریا، فڕۆکەیەکی سەربازی رووسی لە جۆری ئای ئێل - 20 بە 14 سەرنشینەوە لە شاشەی رادارەکان ون دەبێت، بەرپرسێکی ئەمەریکیش دەڵێت "سووپای سووریا بەهەڵە فرۆکە رووسیەکەی کردۆتە ئامانج".

پێشتر، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە بڵاوکراوەیەکیدا رایگەیاندبوو: "لەکاتی هێرشی چوار فڕۆکەی ئیسرائیل بۆ لازیقییە، بنکەی ئاسمانی حمێمیم پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکەمان پچڕاوە، گەڕانیش بە دوای ئەو فڕۆکەیە بەردەوامە".

تەلەڤزیۆنی فەرمی حکوومەتی رووسیا(تاس)، پەنجەی تۆمەتی بۆ کەشتییە جەنگییەکانی فەرەنساش درێژکردووە و رایگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بە یارمەتی کەشتییە جەنگییەکانی فەرەنسا بووە لە دەریای ناوەڕاست.

بەهۆی تۆمەتبارکردنیان، واشنتن و پاریس، بەیاننامەی خۆیان بڵاوکردۆتەو و رەتی دەکەنەوە بەشداریان لە هێرشەکانی سەر لازقییە کردبێت، بەڵام بەرپرسێکی ئەمەریکی بە تۆڕی هەواڵی سی ئین ئێنی گوتووە: "فڕۆکە رووسیەکە لەلایەن یەکەی بەرگری ئاسمانی سووریاوە بە هەڵە و لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج و خراوەتە خوارەوە".

ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکردووە: "فڕۆکەکە بەو مووشەکە خراوەتە خوارەوە کە رووسیا داویەتی بە سوپای سووریا".

لای خۆیەوە، سوپای سووریا، لەبارەی هێرشەکانی دوێنێ شەو رایگەیاند: "هێرشێکی دەرەکی کە لە دەریاوە ئەنجامدراوە کراوەتە سەر وێستگەیەکی وزە و دوو پێگەی سەربازیی سوپای سووریا لە لازیقیە، بەهۆیانەوە 7 هاووڵاتی برینداربوون".

سەرەتای ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئەوان هێرشیانکردۆتە سەر "202 پێگەی ئێران لە سووریا و لەو هێرشانەش بەرەوام دەبن"، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو هێرشانە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام درابن، بەڵام تاکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

H.J