بەرهەم ساڵح پەیوەندی پارتی و یەکێتی دەشێوێنێت

"دەبێت کاندیدێکی بەهێزبێت، نەک کەسێکی بەرژوەندخواز کە هەر رۆژەو لەسەر پەتێک بێت"

 K24- هه‌ولێر:

کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی دەشێوێنێت و ئەگەری بوونی زیاد لە کاندیدێک دەهێنێتە ئاراوە.

پێش کاندیدکردنی د. بەرهەم ساڵح، پەیوەندی پارتی و یەکێتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو، بەڵام کاندیدکردنی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە، پارتی نیگەرانکردووە و بە بڕیارێکی تاکلایەنەی دەزانێت .

لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەوبارەیە رایگەیاند: "کاندیدکردنی دکتۆر بەرهەم خۆی کاریگەری لەسەر ئەم پرۆسەیە دانانێت، بەڵکو ئەوەی کاریگەری خراپ دادەنێت، کاندیدکردنی کەسێکە لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەو پۆستە".

ئەسەسەرد ئاشکراشیکرد کە ئەوان لەگەڵ پارتی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە "بە یەک تیم و بە یەک شاند بچینە بەغدا و بۆ پۆستەکانیش دەبێت بەجۆرێک بن کە هەردوولامان پێی رازیبین".

بەڵام پارتی پێیوایە، بەرهەم ساڵح تەنها کاندیدی یەکێتییە و لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە نەکراوە، هەر سەبارەت بەو پرسەش، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەم جۆرە بۆ کوردستان24 دوا: "پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی هەرێمی کوردستانە و دەبێت هەموو هێزە کوردییەکان بڕیاری لەسەر بدەن. دەبێت کاندیدێکی بەهێزبێت، نەک کەسێکی بەرژوەندخواز کە هەر رۆژەو لەسەر پەتێک بێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی پێشیوایە: "پۆستی سەرۆک کۆمار، پۆستێکی گەورەیە و نوێنەرایەتی هەرێمێک دەکات. جگە لەوەش قەبارەی یەکێتی هێند گەورە نییە کە بتوانێت لە مەکتەبی سیاییەکەی تاکلایەنە بڕیارێکی وەها گرنگ بدات. بەڵکو بە بەروارد بە پارتی، یەکێتی لە نێوان هێزی سێهەم و چوارەمە".

بڕیارە 25ی ئەم مانگە، سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دیاری بکرێت، کوردیش گەر بە چەند کاندیدێک بەشداری ئەو پرۆسەیە بکات، ئەوا رەنگە ئاسان ئەو پۆستەی بۆ یەکلا نابێتەوە.

H.J