وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی پشتیوانی تیرۆر سزا ده‌ده‌ین
K24 - هه‌ولێر:
مایك په‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڕه‌شه له ئێران ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌وره‌تین ده‌وڵه‌تی پشتیوانی تیرۆر له جیهان، سزا ده‌ده‌ن.
په‌مپێیۆ، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی، هۆشداری توندی دایه ئێران و رایگه‌یاند، واشنتن رێكاری توند و راسته‌وخۆ له دژی هه‌ر هێرشێكی تاران ده‌گرنه‌به‌ر.
هاوكات هۆشداری دایه ئه‌و هێزانه‌ی له‌لایه‌ن تارانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن له هێرشكردنه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
په‌مپێیۆ گوتیشی: "به كۆماری ئیسلامی ئێرانمان راگه‌یاندووه، به‌كارهێنانی هه‌ر هێزێك كه تاران پاڵپشتی ده‌كات، له هێرشكردنه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، رێگریمان لێ ناكات وه‌ڵاممان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌كی (كه مه‌به‌ستی ئێرانه)".
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی رێگه به ئێران نادات هیچ یه‌كێك له‌و هێزانه له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌كاربهێنێت.
پێشتر گه‌وره دیپلۆماتكارێكی ئه‌مه‌ریكی، له دوای هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی تاران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی دیموكراتی له كۆیه، میلیشیا ئێرانییه‌كانی به هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا تۆمه‌تبار كرد، كه باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای لێیه، به‌ڵام ئێران لای خۆیه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه و رایگه‌یاند، به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندییان به‌و جۆره هێرشانه‌وه نییه و ئه‌و جۆره تۆمه‌تانه‌ش بێ بنه‌مان.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له گفتوگۆیه‌كدا، گوتیشی: "(ئێران) وه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی پشتیوانی تیرۆر، ماوه‌یه‌كی زۆره رووبه‌ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه، ئه‌وان میلیشیای چه‌كدارییان هه‌یه، وه‌كو حزبوڵڵای لوبنان، میلیشیاكانی عێراق، حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن پڕچه‌ك ده‌كه‌ن كه مووشه‌ك ئاراسته‌ی سعوودیه ده‌كه‌ن".
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئێران به‌رپرسه له پڕچه‌ككردنی و راهێنانی ئه‌و میلیشیایانه و گوتی: "بۆیه ئێمه‌ش ده‌چینه سه‌ر سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌كه".
له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو، واشنتن هه‌وڵه‌كانی بۆ سنوورداركردنی هه‌ژموونی ئێران له ناوچه‌كه چڕكردووه‌ته‌وه و سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی ئێران له پشتیوانیكردنی تیرۆر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مه‌ریكا داوای كردووه ئێران هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خۆی بگۆڕێت.
بڕیاریشه هه‌فته‌ی داهاتوو، له میانی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی جیهان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، په‌مپێیۆ، وتارێك له باره‌ی ئێران پێشكه‌ش ده‌كات، وه‌كو به‌شێك له هه‌وڵه فراوانه‌كانی وڵاته‌كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانییه‌كی زیاتر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران.
لای خۆیه‌وه دۆناڵد تره‌مپ، بڕیاریداوه میوانداری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه بكات و راشیگه‌یاندووه، كۆبوونه‌وه‌كه له باره‌ی ئێران ده‌بێت.
په‌مپێیۆش له باره‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی جۆن كێری، كه پێش خۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بووه و به‌رده‌وام له دوای رۆیشتنی له پۆسته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران له په‌یوه‌ندیدایه، گوتی: "كێشه‌ی جۆن كێری ئه‌وه‌یه هیچ كاتێك وه‌كو دوژمن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانمان ناكات".
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، هه‌موو ئه‌مه‌ریكییه‌كی ساده، چ جای وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه بووبێت، به‌رگری له سیاسه‌ته درووسته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات.
ئ. م