باڵیۆزی عێراق له تاران له كاره‌كه‌ی ده‌ركرا
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، راجح موسه‌وی، باڵیۆزی عێراق له تاران له كاره‌كه‌ی ده‌به‌خشێ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له كاتی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له عێراقییه‌كان له تاران سوكایه‌تی پێكردوون و گرته ڤیدیۆییه‌كه‌شی بڵاوكراوه‌ته‌وه.
رۆژی هه‌ینی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باڵیۆزه‌كه‌ی له تاران له كار لاداوه‌و "سه‌عد جه‌واد"ـی وه‌ك باڵیۆزی عێراق له تاران ده‌ستنیشانكردووه و خستوویه‌تییه شوێنی راجح موسه‌وی.
رۆژی پێنجشه‌ممه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاندبوو كه راجح موسه‌وییان بانگكردووه‌ته‌وه بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی به‌رامبه‌ر به هاوڵاتیانی عێراقی له ئێران نواندوویه‌تی.
له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا كه رۆژی چوارشه‌ممه به‌فراوانی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه، موسه‌وی له یه‌كێك له حوسه‌ینییه‌كانی شاری ده‌وڵه‌تئابادی باشووری تاران ده‌ده‌كه‌وێت و هێرش ده‌كاته سه‌ر عێراقییه‌كان و پرسیاریان له‌باره‌ی كێشه‌كانیان ئاراسته ده‌كات.
موسه‌وی به ئاماده‌بووان ده‌ڵێت: "من بچووك نیم له به‌رده‌متاندا و درێژه به درۆكانتان مه‌ده‌ن، بڕۆن بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌تانی بخه‌نه‌ڕوو".
هه‌روه‌ها وه‌ڵامی ئاماده‌بووان ناداته‌وه‌و پێش ئه‌وه‌ی له حوسه‌ینییه‌كه بچێته ده‌ره‌وه ده‌ڵێت: "من له دادگادا نیم، بڕۆن بۆ لای حكومه‌ت و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌تان".
به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه لادانی باڵیۆزه‌كه په‌یوه‌ندی به‌و توڕه‌بوونه‌وه نییه و ماوه‌ی دوو مانگ ده‌بێت پرسی له كارلادانی باسكراوه‌و كۆتایی پێهاتووه.