"ده‌بێت فراكسیۆنی پارتی پابەندی ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلی كوردستان بێت"

سه‌رۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی رایگه‌یاند: "پێویستە فڕاكسیۆنی پارتی نموونەی بەرزی ئاكاری سیاسی بێت و پابەندیش بێت بە ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلی كوردستان كە ئامانجی ستراتیژیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشن".

ئه‌مڕۆ شەممە 22ـی 9ـی 2018، سەرۆك مەسعود بارزانی  لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌ و وێڕای دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆشنایی خستووه‌ته‌ سه‌ر بایەخی هەڵبژاردنەكانی عێراق و سەركەوتنی لیستی پارتی لەو هەڵبژاردنەدا و بە تێروتەسەلی ئەو هۆكارانەی باس كرد كە لە قۆناغی ڕابردوودا بوونەتە هۆی پێشێلكردنی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و نەمانی شەراكەت و سەرهەڵدانی كێشەكان.

لەو كۆبوونەوەیەدا دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و هاوكێشەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كار و چالاكییەكانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم ئەوەی دووپاتكردەوە كە "هاووڵاتیانی عێراق لەو هەڵبژاردندا ئەو دەموچاوانەیان سزادا كە بە ڕوانگەیەكی شۆڤێنیانە سەیری گەلی كوردستانیان دەكرد و دژایەتیی مافەكانی خەڵكی كوردستانیان دەكرد".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "سەرۆك بارزانی به‌هۆی به‌ها بەرزەكانی له‌ خەباتی گەلی كوردستاندا هیچ كات پەنا بۆ تۆقاندن و كاری تیرۆر نه‌براوه‌و پێكەوەژیانی پاراستووە و هیچ كاتیش ڕێگەی نەداوە كە ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراق ببێتە ناكۆكیی نێوان نەتەوەكان و قووڵتركردنه‌وه‌ی پێكەوەژیانی بە یەكێك لە ئەركەكانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە قەڵەمدا".

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە "پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان لە حوكمڕانیدا زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكات".