كریستیانۆ به‌هۆی راهێنه‌ر و سه‌رۆكی یوڤی تووشی شۆك بووه‌

كریستیانۆ دوای كارته‌ سووره‌كه‌ی وه‌ڵامێكی ئاماده‌ كردووه‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس دوای كارته‌ سووره‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌و هه‌موو پشتگیرییه‌ی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك و راهێنه‌ر و یاریزانان لێی كراوه‌ تووشی شۆك بووه‌.

پێگه‌ی ماركای ئیسپانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی كریستیانۆ له‌ یه‌كه‌مین یاری له‌ چامپیۆنزلیگ به‌ درێسی یوڤی به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا كارتی سوور وه‌رگرت، له‌ لایه‌ن یاریزانان و راهێنه‌ر و سه‌رۆكی یانه‌كه‌ی پشتگیرییه‌كی بێ وێنه‌ی لێ كراوه‌.

ئاندریا ئانێلی سه‌رۆكی یوڤێنتۆس دوای كارته‌ سووره‌كه‌ی كریستیانۆ  راسته‌وخۆ، پۆستێكی له‌ تویته‌ری فه‌رمی خۆی كرد و نووسیبووی: تۆ بۆ هه‌مووان، هه‌مووانیش له‌ پێناو تۆ.

دواتر ئالێگری راهێنه‌ری یوڤی له‌ پرێس كۆنفرانسێك كارته‌ سووره‌كه‌ی به‌ زوڵم به‌رامبه‌ر كریستیانۆ وه‌سف كرد و داوای كرد به‌ زووترین كات سیسته‌می ڤار بۆ یارییه‌كانی چامپیۆنزلیگ به‌كاربێت تاوه‌كوو سنوورێك بۆ ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ دابنرێت كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ستێره‌ و یانه‌كان ده‌كرێت.

پاشان ئێمری جان ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی یوڤی له‌ باره‌ی كارته‌ سووره‌كه‌ی كریستیانۆ هاته‌ ده‌نگ و به‌ میدیاكانی راگه‌یاند، كه‌ یاریكردن هی پیاوانه‌ و نه‌ك هی ژنان، ناكرێت ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كریستیانۆ ده‌ستی به‌ر قژی یاریزانێكی ڤالێنسیا كه‌وتووه‌ كارتی سوور وه‌ربگرێت.

جیا له‌وه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ كیلینی و ساندرۆ به‌رگرییان له‌ كریستیانۆ كرد و كارته‌ سووره‌كه‌یان به‌ كارێكی نادادپه‌روه‌رانه‌ هه‌ژمار كرد.

پێگه‌ی ماركا، جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌یه‌وێت به‌ پێشكه‌شكردنی ئاستێكی به‌رز و گۆڵی زیاتر وه‌ڵامی ئه‌و هه‌موو پشتگیرییه‌ی سه‌رۆك و راهێنه‌ر و یاریزانانی یانه‌كه‌ی بداته‌وه‌.