یەكێتی وەڵامی گۆڕان ناداتەوە

تیری رەخنەکانی گۆڕان روو لە یەکێتییە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بارودۆخی بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری بزووتنەوەكە بە بارودۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، بە تایبەت ھەندێک لە سەرکردە باڵاکانی لە کاری ئێستای بزووتنەوەکە ناڕازین، رەنگە ئه‌مه‌ش کاریگەری لە سەر كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژەی دەنگەکانی گۆڕان هه‌بێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی په‌رله‌مانی كوردستان.

ئێستا رووی رەخنەکانی گۆڕان زیاتر لە یەکێتیە، ئەندامێکی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حزبەش دەڵێت، گۆڕان ھەردەم یەکێتی وەکو نەیارێکی سەرەکی خۆی سەیر کردووە، بۆیە بۆ ئەم بارودۆخەش یەکێتی بڕیاریداوە ھەر بە ئارامی بانگەشەی خۆی بکات و وەڵامی گۆڕان نه‌داتەوە.

ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوەی گۆڕان تائێستا دەیكات كاریگەری نەرێنی بۆسەر دەنگدەرانی خۆیان دەبێت، ئێستا خەڵكی كوردستان دەزانن كام لایەن بەشێوەیەكی مەدەنی و دیموكراسیانە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەكات. ئێمە وەك یەكێتی دانابەزینە ئەو ئاستە وەڵامی ئەو لایەنانە بدەینەوە، چونكە ئێمە دەزانین دوایین ھەڵبژاردن ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ھەرپێكەوەین، پێكەوە حكوومەتی ھەرێم پێكدەھێنین و پێكەوەش دەچینە بەغدا، بۆیە دەبێ بەشی ئەوە بھێڵینەوە كە لە سبەی چۆن پێكەوەدەبین".

دوای چەندین ساڵ کارکردن لە نێو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا، كە ئەوكات جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە بوو بڕیاری جیابوونەوەی داو ھێزێکی نوێی دروستکرد، بەڵام پاش کۆچی دوایی دامەزرێنەری گۆڕان، ئەو بزووتنەوەیە رووبەڕووی چەندین کێشە و قەیران بووه‌تەوە، بەشێك لە ئەندامانیان دەڵێن، بزووتنەوەکەیان قەیرانی سەرکردایەتی ھەیە، بە تایبەت له‌وه‌ته‌ی بەشێک لە سەرکردە دیاریەکانیان تۆراون، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی گۆڕان کە کاندیدیشە بۆ پەرلەمانی کوردستان، نایشارێتەوەو به‌ دووریشی نازانێت، كه‌ كێشه‌كانیان كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر گۆڕان هه‌بێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا.

رەوەز ھەڵکەوت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەو کاندیدی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێستا ئێمە وەك گۆڕان لە قۆناخێكی راگوزەرداین، ئاساییە كۆمەڵێك كەلێن و كەموكوڕی ھەبێت. سەبارەت بە ناڕەزایەتییەكان، كادیر و ھەڵسوڕاوانی گۆڕان خەسڵەتێكیان ھەیە ئەگەر ناڕازیش بن، بۆ ئەوەیە كە بزووتنەوەكە بەرەو پێش ببەن نەك بگەڕێنەوە دواوە، ئەوانەی توڕەن رایانگەیاندووە كە ھەموویان دەنگ بە گۆڕان دەدەن".

دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و رووداوەکانی شەوی 12ی ئایاری2018، پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی تا ئاستێکی چاوه‌ڕوان نه‌كراو گرژی تێکەوت، بەشێک لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕانیش دەڵێن، ئاساییە لەم زۆنەدا ئێمە تیری رەخنەکانمان رووی لە یەکێتی بێت، چونکە ئەو حزبە لەم سنوورە زۆرترین ناحەقی و پێشێلکاری بەرامبەر بە گۆڕان کردووە .

ھ.م