گه‌لی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت
ساڵڕۆژی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژی 7/6/2017 ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم پێكهێنرا، زۆرینه‌ی پارته سیاسییه‌كانی كوردستان له ده‌وری مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و كاتی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌و گووتیان: "كاتی ئه‌وه‌یه گه‌لی كوردستان بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات، ئایا ده‌یه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بێت، یان له چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێنێته‌وه".
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا واده‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم دیاریكرا، له 25/9/2017، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به ئاماده‌كارییه‌كان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت.
هه‌ر چه‌نده له سه‌ره‌تای بڕیاره‌كه‌وه زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان و ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی حكوومه‌تی عێراقیش باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد كورد هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه بنێت، به‌ڵام پرس و باسی ریفراندۆم بووه دۆسێی سه‌ره‌كی میدیاكانی ناوخۆ و عێراق و ناوچه‌كه و جیهان و ئه‌و بڕیاره ناوچه‌كه‌ی هه‌ژاند، چونكه له ماوه‌ی زیاتر له 100 ساڵی رابردوودا كورد توانای هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسابوو پێیانوابوو ئێستا كاتێكی گونجاوه.
عێراق و وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند وڵاتێكی دیكه داوای دواخستنی ریفراندۆمه‌كه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ ریفراندۆم نه‌خرایه به‌رده‌ست و به هیچ یه‌كێك له‌و داواكاریانه قایل نه‌بوو، چونكه كێشه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تی عێراق گه‌یشتبووه لوتكه و وه‌ك ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان ده‌یانگووت: "به‌غدا باوه‌ڕی به هاوبه‌شی نه‌ماوه‌و زیاتر له 55 بڕگه و به‌ندی ده‌ستووری پێشێلكردووه، ئه‌گه‌ر نه‌توانین دوو هاوبه‌شی راسته‌قینه بین، باشتره دوو دراوسێی باش بین".
به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، له ماوه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵی جه‌نگی دژی داعشدا به‌غدا هاوكاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشی نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت رێگه‌ی له گه‌یشتنی ئه‌و كۆمه‌ك و چه‌ك و كه‌ره‌سته سه‌ربازیانه‌ش ده‌گرت كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌یان ده‌نارد. له سه‌ره‌تای ساڵی 2014ـشه‌وه و له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نووری مالیكییه‌وه به‌غدا بوودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی بڕی، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هیچ به‌ره‌و‌پێشچوونێكی به‌خۆیه‌وه نه‌بینی، دۆسێی نه‌وت و غاز وه‌ك خۆی مابووه‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌ركردایه‌تی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی له به‌غدا نا‌ئومێد كردبوو، به‌رپرسانی باڵای كوردستان ئاماژه‌یان به‌وه‌ده‌كرد، له كاتێكدا كورد به خواستی خۆی له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌ژی و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خاوه‌نی مافه، به‌ڵام پێشێلكردنی مافه‌كانی و پابه‌ندنه‌بوونی به‌غدا به‌ده‌ستووره‌وه، ئه‌و مافه به كورد ده‌دات بیر له بژارده‌یه‌كی دیكه بكاته‌وه‌و گه‌ل بڕیاری خۆی بدات كه چی ده‌وێت؟
رۆژ له دوای رۆژ ئاهه‌نگ و كه‌نه‌ڤاڵی فراوان بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌برا، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ی له ناو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆمدا نوێنه‌ریان هه‌بوو، نه شانیان دایه‌به‌ر بانگه‌شه‌كردن و نه وه‌ك پێویست كاریان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه ده‌كرد، به‌تایبه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌و پرسه‌شدا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ماڵ نه‌بوو.
مه‌سعوود بارزانی، ئه‌ركێكی قورسی به‌ڕێوه ده‌برد، رۆژانه چه‌ندین شاندی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی ده‌بینی و له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌رقافڵه‌ی بانگه‌شه‌كارانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، ئه‌و نه‌ك ئه‌وكاته، ته‌نانه‌ت له دوایین دیداریدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری كه شه‌وی 23/9/2018 بڵاوكرایه‌وه گووتی: "هه‌ر سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌م مافی بڕیاردان و دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه".
بارزانی له گوتاره‌كانی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆم و له‌و دیدارانه‌شی میدیا ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵیان ئه‌نجام ده‌دا ده‌یگووت: "ریفراندۆم مافێكی ره‌وای گه‌لی كوردستانه، مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی كوردستانه. پێشێلكردنی دەستوور، تەوافوق، شەراكەت و نانبڕینی خەڵكی كوردستان بوو، كە هانی گەلی كوردستانیدا، ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابا هەرگیز عێراق بەو ڕۆژەی ئێستا نەدەگەییشت".
ریفراندۆمه‌كه له‌ناو كوردانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌شدا پاڵپشتییه‌كی گه‌وره‌ی لێكرا، ده‌یان ئاهه‌نگ و كه‌رنه‌ڤاڵی مه‌زن سازكران، چه‌ندین كۆڕ و كۆبوونه‌وه به‌ڕێوه‌چوون، بۆ كورد ده‌رفه‌تی گوزارشت له خۆكردن بۆ مافه‌كانی وه‌ك هه‌لی مێژووی ناوده‌برا، به‌ڵام به‌غدا به قۆستنه‌وه‌ی لاوازی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌هۆی شه‌ڕی 4 ساڵه‌ی داعش كوردی تۆمه‌تبار ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ریگه له ریفراندۆم بگرێت هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری له خه‌ڵكی كوردستان كرد، له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه و رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری كرد، هه‌ڕه‌شه‌ی سنوورداخستن و په‌لاماری سه‌ربازیش به گوێ هه‌رێمی كوردستاندا درا تا له ئه‌نجامدانی پاشگه‌زببنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ریفراندۆم یان گه‌ره‌نتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌كی دیكه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌خرایه به‌رده‌ستی كورد، سه‌رۆك بارزانی پاش كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم رایگه‌یاند: "ریفراندۆم دواناخرێت و چی ده‌بێت با ببێت".
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 25/9/2017 بۆ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئه‌وان تازه له مه‌ترسی داعش دووركه‌وتبوونه‌وه‌و به ئومێدێكی گه‌وره‌وه به‌ره‌و سندووقه‌كان رۆیشتن تا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه، ئایا ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆبن، یان له‌گه‌ڵ عێراق بمێننه‌وه، به‌ڵام دواجار نزیكه‌ی 93% دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و كوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا و به‌گوێره‌ی رای چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی، ریفراندۆمه‌كه به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌چووه. بێرنار هێنری-لێڤی فه‌یله‌سوفی ناسراوی فه‌ڕه‌نسی و چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه‌ی پاش ده‌رچوونی ده‌ره‌نجامه‌كان له پرێس كۆنفرانسێكدا خاوێنی پرۆسه‌كه‌یان بۆ جیهان خسته‌ڕوو.
به‌ڵام فشاره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كیانی هه‌رێم زۆرتر بوون، عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه سوپای هاوبه‌شیان له سنووره‌كانی هه‌رێم كۆكرده‌وه‌و ده‌ستیان به مانۆڕی سه‌ربازی و خۆنمایشكردن كرد، هه‌ڕه‌شه‌ی برسیكردن و پاشانیش بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پێنرا و گه‌لی كوردستان سزادرا، گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێم راگیران و به‌غدا چه‌ندین رێوشوێنی دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گرته‌به‌ر، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی كوردستان نه‌چووه ژێر باری ئه‌و فشارانه و ئاماده‌نه‌بوو ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمه‌كه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام ده‌یانگووت، رۆژێك پاش ریفراندۆم ده‌وڵه‌ت راناگه‌یه‌نرێت".
هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شه و فشارانه تا 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 درێژه‌ی كێشا، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له دوا دیداری په‌یوه‌ست به ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی راگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر له كه‌ركووك روویدا خیانه‌تی نیشتمانی بووه‌و گرووپێكی دیاریكراو به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و نوێنه‌رانی سوپای پاسداران به پێشچاوی ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه تانك و چه‌كداریان په‌لكێشی كه‌ركووك كرد‌و له پشته‌وه خه‌نجه‌ریان لێداین".
وه‌ك ئه‌وه‌ی بینرا، به‌ره‌به‌یانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و ھێزانه‌ی پێشمه‌رگه كه له‌ژێر فه‌رمانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوون و له ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا له كه‌ركووك به‌ره‌نگاری داعش بوونه‌وه، ھێدی ھێدی سه‌نگه‌ره‌كانیان بۆ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق جێهێشت و به به‌رچاوی خه‌ڵك و كامێرای میدیاكانی كوردستان و جیهانه‌وه رێگه‌یان بۆ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق كرده‌وه بێنه ناو شار و له كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه ده‌ستیان به شه‌هیدكردنی پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانی كورد كرد و ماڵ و موڵكیان تاڵان كردن و به‌سووتاندن و سه‌دان هه‌زاریان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر كرد.
رۆژێك پاش 16ـی ئۆكتۆبه‌ر، كۆسره‌ت ره‌سووڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا تووڕه‌یی خۆی به‌رامبه‌ر ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی ده‌ربڕی و به كاڵفام و خه‌نجه‌روه‌شێن له كورد تۆمه‌تباری كردن" چونكه به‌رپرسانی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراق و ئێرانیش نه‌یانشارده‌وه كه باڵێكی ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به چاودێری فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی رێككه‌وتوون و هێزه‌كانی عێراقیان ھێناوه‌ته ناو كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیكه، ئه‌وانه‌شی له‌و رێكه‌وتنه ژێر به ژێره ناویان ده‌هات، بافڵی كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كوچكردووی یه‌كێتی و لاهور جه‌نگی برازای جه‌لال تاڵه‌بانی و ئاراس شێخ جه‌نگی بوو كه له‌ناو كه‌ركووك به ئاشكرا ده‌ركه‌وت و له میدیاكانه‌وه ده‌یگووت: "هێزه‌كانی عێراق له كه‌ركووك كێشه درووست ناكه‌ن و به‌ره‌و پردێ و هه‌ولێر ده‌ڕۆن" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ داگیركردنی هه‌ولێر و بوونی رێككه‌تنێك بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری هه‌ولێر بده‌ن".
جگه له‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رپرسانی ئه‌و حزبه پاڵپشتی ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌كرد كه كۆسره‌ت ره‌سووڵ به كاڵفام ناوی برد".
ئه‌وه‌ی ئه‌و كادیره‌ی یه‌كێتی گووتی، سه‌ره‌نجام به‌كرده‌یی له مه‌یداندا بینرا و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق هه‌وڵیاندا له پردێ و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌وه په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان بده‌ن، به‌ڵام له پردێ هێزی پێشمه‌رگه توانی رێگه له‌و هێزانه‌ی عێراق بگرێت و له شه‌ڕێكی سه‌ختدا تێكیان بشكێنێت و هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌شدا تانكی ئه‌برامزی ئه‌مه‌ریكی تێكشكێنرا كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به سوپای عێراقیان دابوو و كه‌وتبووه ده‌ست هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و دژی كورد به‌كارهێنرا.
له ناوچه‌كانی مه‌حموودیه و سحێلاش حه‌شد و هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌مان هه‌وڵیاندا، به‌ڵام چاره‌نووسیان هه‌ر وه‌ك هێرشه‌كه‌ی پردێ بوو، ته‌نانه‌ت له‌و شه‌ڕانه‌دابوو كه فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه به پێشمه‌رگه‌كانی ده‌گووت "خۆنه‌چه‌مینن" و به‌ره‌نگاری هێرشه‌كه بببنه‌وه.
چاودێران پێیانوایه ئه‌و رێككه‌وتنه ژێر به ژێره‌ی ئه‌و گرووپه‌ی ناو یه‌كێتی بۆ ئه‌وه بووه تا رێگه له سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان بگرن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ستكه‌وت بۆ بارزانی هه‌ژمار نه‌كرێت".
هه‌ندێكی دیكه پێیانوابوو، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یه‌كێتی به ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رچاو بچووكتر ده‌كرده‌وه‌و فه‌زڵه‌كه‌ی بۆ مه‌سعوود بارزانی ده‌گه‌ڕایه‌وه، چونكه به‌شێكی دیاری سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی نه بانگه‌شه‌یان بۆ ریفراندۆم كرد و نه له‌گه‌ڵیدابوون، هه‌ر چه‌نده نوێنه‌ریان له ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆمیشدا هه‌بوو".
دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر ده‌ركه‌وت ته‌نانه‌ت به‌غدا فێڵی له‌و گرووپه‌ی ناو یه‌كێتی كردووه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی پێدابوون، له بری نه‌جمه‌ددین كه‌ریم، كاندیده‌كه‌ی ئه‌و گرووپه‌ی نه‌كرده پارێزگاری كه‌ركووك، له كاتێكدا ئاراس شێخ جه‌نگی له یه‌كه‌م رۆژی رووداوه‌كانه‌وه ده‌یگووت "ناوی پارێزگاره تازه‌كه له باخه‌ڵمدایه"، به‌ڵكو حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانیدا راكان سه‌عید جبووری، جێگری پارێزگاری كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت بكرێته پارێزگاری شاره‌كه.
ئێشتاش دوای ساڵێك له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ئه‌و هه‌نگاوه به ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی گرنگ بۆ گه‌لی كوردستان ئه‌ژمار ده‌كرێت و هه‌ندێك له‌وانه‌شی كه پێشتر نه‌یاری بوون، ئێستا پێیانوایه ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ندی ده‌ستوور نه‌بێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كات، كارتێكی گرنگه و كورد ده‌توانێت هه‌ر كاتێك بۆی بڕه‌خسێت په‌نای بۆ به‌رێت.
ع.ق