ڤاڵڤێردی پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی هه‌واڵێكی ناخۆشی پێگه‌یشت

"دیسان مه‌ترسی له‌سه‌ر شكستی بارسێلۆنا دروست ده‌بێت"

ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌یان له‌ لالیگا به‌رامبه‌ر بلباو هه‌واڵێكی ناخۆشی پێگه‌یشت، كاتێك ده‌سته‌ی پزیشكی بارسێلۆنا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئۆمتیتی به‌هۆی پێكانی چۆكی بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ نابێت و، به‌هۆیه‌وه‌ به‌شداریی مه‌شقه‌كانی ئه‌مڕۆی یانه‌كه‌شی نه‌كردووه‌.

رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ڤاڵڤێردی به‌م هه‌واڵه‌ نیگه‌ران بووه‌، چونكه‌ له‌ ئێستا هێڵی به‌رگری یانه‌كه‌ له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌دایه‌، بۆیه‌ به‌ ناچاری راهێنه‌ر له‌ شوێنی ئۆمتیتی پشت به‌ لینگلێنت ده‌به‌ستێت كه‌ له‌ یاری رابردوو به‌هۆی كارتی سوور سڕ كرا بوو.
له‌ گه‌ڕی حه‌وته‌می لالیگا، سبه‌ی شه‌ممه‌، له‌ كاتژمێر 5:15 خوله‌كی ئێواره‌ به‌ كاتی هه‌ولێر، له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو بارسێلۆنا میوانداریی ئاتڵێتیك بلباو ده‌كات.