توركیا سێ كتێبی كوردی قەدەخە كرد

كەسكیكن: بڕیارەكەی دادگا نا یاساییە
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

دادگای ناوچەی چەلێی ئامەد، سێ پەرتووكی لەبارەی دۆزی كورد و كوردستان، كە لەلایەن چاپخانەی ئاڤێستا چاپكرابوون، قەدەخە كرد، خاوەنی چاپخانەكە رەخنەی توند لە بڕیارەكەی دادگا دەگرێت و دەڵێت، بڕیارەكە نا یاساییە و ئاماژە بەوەش دەكات "قەدەخەكردنی ئەو پەرتووكانە، ئەنجامی تێگەیشتنی توركیایە بەرامبەر كورد و كوردستان.

عەبدوڵڵا كەسكین، خاوەنی چاپخانەی ئاڤێستا بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو بڕیارەی داداگا یاسایی نین، سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە ھەموو پارچەكانی كوردستان گۆڕاوە، دەیەوێت ھەموو ئەو مافانە كورد ھەیەتی لێی قەدەخە بكات".

گوتیشی: "لە سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا ھیچ وڵاتێك ناتوانێ رێگری لە بڵاوبوونەوەی كتێب بكات".

ئەو كتێبانەی كە توركیا قەدەخەی كردوون بریتین لە بزووتنەوەی میللی كورد، لە نووسینی نووسەر و لێكۆڵەری فەرەنسی كرێس كۆچێرا و ھەروەھا كتێبی عەبدورەحمان قاسملۆ، بەناوی كوردستان و كورد  و كتێبی جەلیلی جەلیل بەناوی سەرھەڵدانی كوردان لە سەردەمی شێخ عەبدوڵڵای نەھری، كە لە ساڵی 2014 چاپكراوە.

ھ.م