حکوومەتی هەرێم بڕێکی دیکەی لە شایستە داراییەکانی کۆمپانیای دانە گازی خەرجکرد

"متمانەمان بە حکوومەتی هەرێمە و بەردەوام دەبین لە کارەکانمان"

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 59.5 ملیۆن دۆلار بەهۆی کار و ئۆپەراسیۆنەکانی لە هەرێمی کوردستان دەداتە کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی.

ئەمڕۆ دووشەممە، پاتریک ئەلمان- وارد، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند: "لەبری کار و ئۆپەراسیۆنەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەو بڕە پارەیەمان وەرگرتووە، ئەمەش دڵنیایی زیاترمان دەداتێ تاکو پەرە بە کارەکانمان بدەین و بەردەوام بین".

پاتریک دەشڵێت: "لەگەڵ بوونی باشترین یەدەگی گاز لە کێڵگەکانی کۆرمۆر و چەند کێڵگەیەکی دیکەی چەمچەماڵ، زیاد بوونی خواست لەسەر گازی سروشتی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهان، لە گەشەکردن بەردەوام دەبین و باری دارایی باش دەگەڕێتەوە بۆ خاوەن پشکەکان".

لەگەڵ ئەم بڕە پارەیە، کۆی ئەو پارەیەی ئەو کۆمپانیایە لەمساڵدا لە حکوومەتی هەرێمی وەرگرتووە بۆ 119.7 ملیۆن دۆلار بەرزبویەوە.

H.J