ئەنجامە بەراییەكان چەند لایەنێك نیگەران دەكات

گۆڕان ھۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی رادەگەیەنێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن و دابەزینی بەرچاوی رێژەی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزاییەکی زۆری لەنێو ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکە لێکەوتەوە. گۆڕان دژی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە و ھەڕەشە دەکات کە پرۆسەکە رەتدەکاتەوە و یەکێتیش بەساختەکاری تۆمەتباردەکات.

دوای ئاشكرابوونی ئەنجامە بەراییەكان ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی توندیان ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی حزبەكاین کردووە و ئەوانیان بەھۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی بزووتنەوەکە تۆمەتبارکردووە، لەنێو بزووتنەوەکەش دوو رای جیاواز دروستبووە، راییەکیان ئەوە کە بەرای زۆرینە دادەنرێت ئەوەیە کە رێژەی بەشداری کردنی ھاووڵاتییان لە سنووری ھێزی گۆڕاندا کەمبووە.     

تیشکۆ عەلی، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمجارە خەڵك كەم بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان كرد، ھەروەھا ھەڵبژاردنەكە یەك بازنە بوو، ئەمەش فاكتەرێكی خراپبوو، كاریگەری ھەبوو لەسەر كۆی حزبەكانی ئەم ناوچەیە، نەك تەنھا بزووتنەوەی گۆڕان".

رای دووەم لەنێو گۆڕاندا ئەوەیە کە رێژەی کورسی گرنگ نییە بۆ ئەو حزبە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە پەیام و بەرنامەی کە بزووتنەوەکە لەسەری دەڕوات بەردەوام بێت. وتەبێژی  بزوتنەوەکەش لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی حزبەکەی گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان بوون، بایکۆتیان کردووە و بێزاربوون لەو دۆخە و نیگەرانن لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ئەدای بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەناوی گۆڕانەوە داوای لێبوردن لەخەڵك دەکەین ئەگەر لەئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نەبووبین".

خەلیل سەرکانی، ھەڵسوڕاوی گۆڕان دەڵێ: "وەك گۆڕان ئەگەر پێنج كورسیش بێنین گرنگە بەلامانەوە، گرنگ ئەوەیە كاروانەكەمان بەڕێوەیە، تەزویر كراوە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ھیچ ھێزێك چۆك دانانێ و ھەڵدەستینەوە".

بزووتنەوەی گۆڕان، سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و ھەموو لایەنەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و تاچەند رۆژێکی دیكەش دەوەستن بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکەش بدەنەوە بەو خەباتە پەرلەمانییە، بۆئەوەی دەنگە ساختەکان پوچەڵ بکرێتەوە و دەنگە راستەقینەکان رابگەیەنرێت، گۆڕان رایگەیاندووە، لەئەگەری ئەوەی ئەو دەنگە ساختانە پووچەڵ نەکرێتەوە کە بەرەوژووری 200 ھەزار دەنگە، بژاردەی ھەرەپەسەند لای بزووتنەوەی گۆڕان رەتکردنەوەی کۆی پرۆسەی ھەڵبژاردنە لە ھەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانیەتی، بزووتنەوەی گۆڕان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ئەنجامدانی ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان و دەستکاریکردنی رێژەی بەشداری ھاووڵاتییان لە پرۆسەکە تۆمەتبار دەکات.