نادیە موراد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا

له‌ ميدياى جيهانيدا به‌ كچى كوردستان ده‌ناسرێت

K24- هه‌ولێر:

نادیە موراد کچە چالاکوانی ئێزيدی بواری مافەکانی مرۆڤ و رزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکويگ، پزیشکی قوربانیانی دەستدرێژى سێکسی کۆنگۆیی، لە وڵاتی نەرویج خەڵاتی نۆبڵێ ئاشتییان بۆ ساڵی  2018 پێبەخشرا.

نادیە موراد، لە دایکبووی ساڵی 1993یە، کچە چالاکوانێكی ئێزیدییە کە دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ساڵی 2014، شارۆچكەی شنگال كەوتە دەست رێكخراوی داعش نادیە وەك زۆر لە كچانی دیكەی ئێزیدی رفێنرا، لە رۆژی 14/9/2014 نادیە لە دەستی داعش رزگاربوو، دوای رزگاربوونی چاوی بە زۆرێك لە سەرۆك و سەركردە دیارەكانی جیھان كەوت و ناوبراو بانگهێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى کرا و لەوێ باروودۆخی ئێزيدییەکان و تاوانەكانی داعشی بۆ جیھان گێڕایەوە، لە 5ی کانوونی دووەمی 2016 حکوومەتی عێراق نادییەی بۆ خەڵاتی نۆبڵ لە ئاشتی هەڵبژارد.

یەکێکی دیکە لە براوەکان، دێنیس موکويگە کە خاوەن نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەخۆیەتی بە ناوی پانزی لە شاری بوکاڤ لە کۆنگۆ، تێيدا چارەسەری ئەو ژنانە دەکات کە لەلایەن چەکدارە یاخییەکانی کۆنگۆوە دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر و ئەشکەنجە دەدرێن.

ئەمڕۆ هەینی، بە ئامادەبوونی 330 کاندید، مه‌راسيمى به‌خشينى خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە نەرویج بەڕێوەچوو کە ئەو خەڵاتە تایبەتە بەو کەسانەی ژیانی خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی لە جیهان تەرخان دەکەن.

H.J