لایەنەکان بڕیاری خۆیان بۆ بەشداریكردن لە حکوومەت ئاشكرا ده‌كه‌ن

هه‌ندێك به‌ڵێن دراون ته‌نها به‌ به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێن
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئێستا تا ڕادەیەک ھەر قەوارەیەکی سیاسیی بەشدار لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە ژمارە قەبارەی خۆی بۆ دەرکەوتووە، ھەرچەندە ھێشتا ئەنجامی فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان تاڕادەیەک بەرچاویان روونە سەبارەت بە بڕیاری بەشداریکردن یاخود بەشداری نەکردن لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێمدا.

لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی بەرچاویان روون بێت لە پرسی پێکھێنانی حکوومەت، لایەنەكان بە گوێرەی ئەو دەنگانەی بەدەستیان ھێناوە قەبارەی خۆیان دەزانن.

ئێستا پرسیاری سەرەکی ھاووڵاتیان ئەوەیە کە ئەو لایەنەی دەنگیان پێداوە بەشداری حکوومەت دەکات یاخود نا؟

بزووتنەوەی گۆڕان بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە ھەیە، تایبەت بە پرسیاری بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیش ئەو بزووتنەوەيه دەڵێت: "کاتێك دەتوانین ھەموو به‌ڵێنه‌كان جێبەجێ بکەین, کە ھاووڵاتیان ئێمە بکەن بە زۆرینە لە پەرلەماندا".

لە نێو لایەنە ئیسلامیيەکاندا, کۆمەڵی ئیسلامی دەنگی دلێرە و لە دوو لایەنە ئیسلامیەکەی دیکە دەنگی زیاتری ھێناوە، کوردستان 24 زانیویەتی ئەو حزبە چاوەڕێی ئەنجامی کۆتايی ھەڵبژاردن دەکات و دواتر بڕیار دەدات، بەڵَام بۆچوونی بەشدارینەکردن لە حکوومەت لەو حزبەدا, رای زۆرینەیە.

ڕۆژی 30ی ئه‌یلوول، ھەڵبژاردن بۆ خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنیشدا حزبەکان چەندین بەڵێنی جۆراوجۆریان بە دەنگدەرانیان داوە، کە بەشێکیان تەنھا بە بەشداریکردن لە حکوومەتدا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لایەنە ئۆپۆزيسیۆنەکان رەتیدەکەنەوە بەھەمان سیناریۆی چوار ساڵی رابردوو، بەشداری حکوومەت بکەن، رەنگە بەشدارینەکردن لە حکوومەتیش تووڕەیی دەنگدەرانی ئەو لایەنەی لێبکەوێتەوە.

ئ. م