ھەڕەشە لە كوردانی گوڵاڵه دهكرێت
K24 - گەرمیان
خێزانە كوردەكانی شارۆچكەی گوڵاڵەی (جەلەولا) سەر بە قەزای خانەقین ھەڕەشەی كوشتن و رفاندیان لێدەكرێت، ئەگەر شارۆچكەكە جێنەھێڵن، بەگوتەی چەند خێزانێكی ئاوارە لە لایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی ھەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە ئەگەر ماڵەكانیان جێ نەھێڵن ئەوا رووبەڕووی رفاندن و كوشتن دەبنەوە، بۆیە لە ناچاری ماڵەكانیان جێھشتووە و ئاوارە بوونە.
یەكێك لە ئاوارەكانی شارۆچكەی گوڵاڵە بەناوی برایم ھەواس، بە كوردستان24 گوت: "لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە پێشمەرگە لە ناوچەكە نەما و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ھاتنە ئەو سنوورە بارودۆخەكە بە تەواوی ئاڵۆز بوو. فشاری زۆر لەسەر ھاووڵاتییانی كوردە، ئێستا پەیتا پەیتا خەڵكی كورد لە گوڵاڵە و خانەقین و سەعدیە ماڵ باردەكەن و ناوچەكە جێدەھێڵن، چونكە بە ئاشكرا ھەڕەشەیان لێدەكرێت پێیان دەڵێن دەبێ ئەو سنوورە چۆڵ بكەن".
ھاووڵاتییەكی دیكەی گوڵاڵە كە بەھۆی دۆخی ناوچەكە ئاوارە بووە دەڵێ: "بارودۆخەكە زۆر نالەبارە و خەڵك رۆژانە لەو سنوورە ئاوارە دەبێت، رۆژانە خەڵك ماڵیان باردەكەن و دێنە ئەو سنوورانەی كە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دایە".
بەشێکی کوردەکانی شارۆچکەی گوڵاڵە و دەوروبەری دەستیان کردوە بە فرۆشتنی خانوو و زەوییە کشتوکاڵییەكان بە نرخێکی ھەرزان، بەشێکیانیش بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق عەرەبی ھاوردە دەستی کردووە بە داگیرکردنی زەوی و خانووی کوردەکان.
خەلیل خودادەت، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە شارەدێی گوڵاڵە بە كوردستان24 گوت: "عەرەبەكان زۆر ھەوڵدەدەن لە رێگەی پارێزگا و یاسا و لیوا و فیرقە سەربازییەكان لەو ناوچەیە، گرێبەستەكانی سەردەمی سەدام حوسێن نوێ بكەنەوە، سەردەمی سەدام گرێبەستەكانی ناوچەكە ھەموو بە ناوی عەرەبەوە كراوە، كە لە بنەمادا زەوییەكان ھی كوردن".
گوتیشی: "ئێستا رێژەی كورد لە گوڵاڵە 5%، چونكە ھەڕەشەیان لەسەرە و ناچارن ئەوێ جێدەھێڵن".
ھ،م