وڵاتێكی دیكه‌ی ئه‌وروپی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ په‌نابه‌ر وه‌ربگرێت

چیديكه‌ له‌ رێگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌س وه‌رناگرێت

K24 - هه‌ولێر:

دانیمارک بڕیاریدا ئەمساڵ هیچ پەنابەرێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرناگرێت و زیاتر کار لەسەر تێکەڵکردنی ئەو پەنابەرانەى دیکە دەکات بە کۆمەڵگه‌, کە بەمدواییە گەیشتوونەتە دانیمارك.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی "The Local"ى دانيماركى, ئینگێر ستۆگبێرگ، وەزیرى کۆچبەرانى دانیمار ریگەیاند، "ئێمە لە دۆخێکداین کێشەمان لە چۆنیەتى تێکەڵکردنی ئەو پەنابەرانە هەیە بە کۆمەڵگای دانیمارکی کە لەم ساڵانەى دوايیدا هاتوونەتە وڵاتەکەمان، بۆیە ئەرکی لەپێشینەمان کارکردنە لەسەر ئەو کەسانە".

ستۆگبێرگ گوتیشى: "هەرچەندە ژمارەی ئەو پەنابەرانە زیادیان کردووە کە چوونەتە ناو بازاڕ و دەتوانن کار بکەن، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر زیاتر پەنابەرمان هەیە کە هێشتا ناتوانن پشت به‌ خۆیان ببەستن و کار بکەن بە تایبەت ژنان و کچان، بۆیە پێویستە راهێنان و هاوکاری زیاتری ئەوانە بکەیت تاوەکو تێکەڵ دەبن لەگەڵ کۆمەڵگای دانیمارکی".

سیسته‌می کۆتای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەیەکە کە پەنەبار دەتوانێت داوای چوونە وڵاتێکى دیکە بکات ئەگەر لەو وڵاتەکەى کە سەرەتا تێیدا پەنابەربووە ژیان و گوزەرانى خراپ بێت و نەتوانێت بیگرێتە خۆی.

ساڵی 2017, نزیكه‌ی 3 هەزار و 500 پەنابەر داوای مافی پەنابەرێتییان لە دانیمارك کردووە کە ئەوەش نزمترین ژمارەیە دوای ساڵی 2018.

لە دە مانگی ئەمساڵدا، 2 هەزار و 600 داواکاری مافی پەنابەرێتى لە دانیمارک پێشکەشکراون.

دانیمارك له‌ ساڵی 1989ەوە ساڵانه‌ 500 په‌نابه‌ری له‌ نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگرتووە لە رێگەى دابه‌شكردنی په‌نابه‌ران به‌ وڵاتانی ئه‌ندام لە یه‌كێتی ئه‌وروپا.

ساڵی 2016 وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا بەشدارییان لە سیسته‌می کۆتای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەرگرتنى پەنابەران ڕاگرت و هێشتا دەستیانپێنەکردووەتەوە.

ئ. م