گۆڕان لێكۆڵینەوە لە كەمبوونەوەی دەنگەكانی دەكات

ھۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی گۆڕان ئاشكرا دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دەرئەنجامە بەراییەكی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ھەندێك لایەن شۆك بوو بۆ چەند لایەنێكی سیاسی كە دەنگەكانیان بە رێژەیەكی زۆر كەمیكردووە و یەكێك لەو لایەنانە بزووتنەوەی گۆڕانە لە پێگەی دووەمەوە چووتە سێیەمی لایەنە سیاسییەكان، بەرپرسێكی گۆڕانیش كەمبوونەوەی دەنگەكانیان بۆ نەبوونی گوتارێكی بەھێز و خراپ رابەرایەتیكردنی خەڵكی ناڕازی دەگەڕێنێتەوە.

ئەرکان رەئوف، ئەندامی ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "كەمكردنی دەنگی ھێزەكانی وەك پارتی و یەكێتی وەك گۆڕان پێیانەوە دیارنییە. گۆڕان شرۆڤە و لێكۆڵینەوە بۆ كەمكردنی دەنگەكانی خۆی و زیادكردنی دەنگی لایەنەكانی دیكە دەكات".

بە گوتەی چاودێرێكی سیاسی بەڕێوەچوونی دوو ھەڵبژاردن لە کاتێکی زۆرنزیکدا و نەبوونی ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە ناڕازییەکانی دیکە و نەبوونی گوتارێكی بەھێز بۆ خەڵکی ناڕازی و ئەدای خراپی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە نێویشیاندا بزووتنەوەی گۆڕان، پاڵنەر بوون بۆ کەمبوونەوەی دەنگەکانی گۆڕان.

لەوبارەوە کەمال رەئوف، چاودێری سیاسی دەڵێت: "بزووتنەوەی گۆڕان تووشی چەند قەیرانێك بووە، یەكێك لەوانە رابەرەكەیان كاك نەوشیروان كۆچی دواییكرد و ھیچ كەس دوای ئەو نەیتوانی ئەدای ئەو بكات و بزووتنەوەكە رێكبخاتەوە، ھەروەھا بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی پەیامەكانی خۆی بگەیەنێتە خەڵك، ئەگەر ھەر لایەنێك پێیەكی لە دەسەڵات بێت و ئەوەی دیكەی لە ئۆپۆزسیۆن ئەوا كەمتر گوێی لێدەگیرێت".

بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە یەكەم بەشداری لە ھەڵبژاردنی ساڵی 2009 توانی 25 کورسی پەرلەمان بە دەست بێنێت، پاشان ساڵی 2013 لە سەر ھەمان ڕێچکەی سەرکەوتن بەردەوام بوو توانی 24 کورسی بباتەوە، بەڵام چیرۆکی سەرکەوتنەکانی گۆڕان ھێندەی نەماوە لە کۆتای نزیک ببێتەوە، چونکە بە پێی دەرئەنجامە بەراییەکان ئەو بزووتنەوەیە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە 12 کورسی بە دەست ھێناوە.