لە باكووری كوردستان نزیكەی 100 كەس دەسگیركران

"ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە ئامەد لەناو گیراوان دایە"
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

لە ئۆپەراسیۆنێكدا ھێزە ئەمنییەكانی توركیا نزیكەی 100 كەسیان لە شارەكانی باكووری كوردستان و توركیا دەسگیركرد و ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە ئامەد لەناو گیراوان دایە.

ماھیر یوكسەل، پەیامنێری كوردستان24 لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ داواكاری گشتی ئامەد بە فەرمی ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو ئۆپەراسیۆنێك لە 9 شاری باكووری كوردستان و توركیا بەڕێوەچوو، 90 كەس دەستگیركرا، لە كۆی ئەو ژمارەیە 80 كەس لە شاری ئامەد و سێ كەس لە ئیستانبوڵ و دوو كەس لە شاری وان و كەسێك لە باتمان و یەكێكی دیكە لە شرناخ و ھەروەھا لە مێردین و مێرسین دوو كەسی دیكە دەستگیركراون".

گوتیشی: "بەپێی راگەیەندراوی داواكاری گشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ دەسگیركردنی 151 كەسە و ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیركردنی ئەوانی دیكە بەردەوامە".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "محەمەد شەریف ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە ئامەد لەناو گیراوەكان ھەیە و دوو رۆژ لەمەوبەریش بێریڤان ھەلەم، ھاوسەرۆكی ھەدەپە لە باتمان دەسگیركراوە".