لاریجانی بۆ حه‌لبووسی: ئاگادار به.. حه‌لبووسیش باسی خۆڵبارین ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شوورای ئێران وه‌ك هه‌وڵێك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له ئه‌مه‌ریكا و متمانه‌پێكردن به سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا هاوڕێی عێراق نییه و، هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن ده‌یانه‌وێ ناكۆكی بخه‌نه نێوان تاران و به‌غدا.
لاریجانی گوتی: "كۆهه‌وڵێك هه‌یه بۆ لێكدوورخستنه‌وه‌ی عێراق و ئێران"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای ساڵی 2003 كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌میشه پشتیوانی له عێراق كردووه"، هه‌روه‌ها به‌غدا و تارانی به دوو هاوپه‌یمانی دێرین وه‌سفكرد.
له دیداره‌كه‌دا لاریجانی وه‌ك هه‌وڵێك بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له ئه‌مه‌ریكا هۆشداری دایه حه‌لبووسی و گوتی: "پێویسته ئاگاداری هه‌وڵی ئه‌هریمه‌نی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بن، چونكه ئه‌وان دۆستی عێراق نین".
له به‌رامبه‌ریشدا محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای له لاریجانی كرد، "له‌گه‌ڵ عێراق هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی دیارده‌ی خۆڵبارین و كێشه‌كانی ژینگه چڕ بكاته‌وه"، كه به‌قسه‌ی حه‌لبووسی ئه‌و دیاردانه زیان به هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌یه‌نن.
H.B