ئۆپۆزسیۆن دەنگدەران بێ ئومێد دەكات

بەرپرسێكی گۆڕان باسی ھۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە تێڕوانین لە راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوە بەدی دەکرێت، دەنگی بەشێك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ھەرێم کەمبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیووە، ھاووڵاتیان و ئەندامانی ئەو لایەنانەش بۆچوونی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

رەنگە بەشێك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ھەرێمی کوردستان خۆزگە بەوە نەخوازن بەرواری 30 ئەیلوول دووبارە ببێتەوە، چونکە لەو ھەڵبژاردنەدا دەنگەکانیان بۆ نیوە زیاتر کەمیکرد.

 شوان عومەر، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی سلێمانییە، لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتی سەرقاڵی کار و كاسبیە و ئەو دەڵێت: "بەشێك لە لایەنەکان بە تایبەت ئۆپۆزسیۆنەکان لە رابردوودا بەڵێنی زۆریان بە خەڵك داو جێبەجێ نەکران، بۆیە خەڵك جارێکتر متمانەیان پێ ناداتەوە".

بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای ھەڵبژاردنی 30 ئەیلوول زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت بەو پێیەی دەنگەکانی زۆر كەمیكردووە، ئەوان سەری زمان و بنی زمانیان بابەتی ساختەکارییە، بەڵام نایشارنەوە کەمبوونەوەی دەنگەکانیان ھۆکار گەلێکی دیکەشی لە پشتەوەیە.

لەوبارەوە بەھرۆز عەلی، ھەڵسوڕاو و بەڕێوەبەری رادیۆی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "بێگومان كۆمەڵێك ھۆكاری ناوخۆیی گۆڕان ھەن بۆ كەمبوونەوەی دەنگەكانی، یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوەیە گۆڕان لەسەرەتاوە وەك بزووتنەوەیەكی جەماوەری ناڕازی دروستبوو، بەڵام نەتوانرا لە چوارچێوەی حزبێكی تۆكمە خەڵك رێكبخەین، چونكە لەبنەمادا گۆڕان باوەڕی بە رێكخستن نەبوو، ئەوە تەندروستە، بەڵام دەركەوت كە ژینگەی ھەرێمی كوردستان ئەوە دەخوازێ كە گۆڕانیش پێویستی بە خۆ رێكخستن ھەیە".