وەزیری دەرەوەی توركیا دێتە ھەولێر

ژمارەیەك دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات

K24 - ھەولێر

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دوو رۆژی داھاتوودا سەردانی ھەولێر دەكات.

ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵو ئاشكرای كرد: "وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رۆژانی 11 و 12ی تشرینی یەکەمی 2018 سەردانی عێراق دەکات".

راشیگەیاندووە: "چاوشئۆغڵو سەرەتا لە بەغدا و دواتر لە هەولێر ژمارەیەك دیدار و کۆبوونەوەی باڵا ئەنجامدەدات".

دوای ساڵێك لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و روودانی گرژی لە پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیا یەكەمجارە شاندێكی توركیا لەو ئاستە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات.

ئەو سەردانەی وەزیری دەروەی توركیا بۆ ھەولێر، ھاوكاتە لەگەڵ كۆتاییھاتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەستپێكردنی ھەوڵی لایەنەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.