ئەردۆغان هەڕەشە لە یەپەگە دەکات

دوای عەفرین، ئەردۆغان هەڕەشەی کۆنتڕۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی دیکە دەکات

K24- هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڕەشە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکات و دەڵێت "بەم زوانە لەناویان دەبەین".

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی سپۆتنیکی رووسی، ئەردۆغان لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک بۆ هێزە تایبەتەکانی تورکیا رایگەیاندووە: "هیوادارین بەم زوانە، هێلانەی "تیرۆرستان" لە رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات بە یارمەتی ئێوە لەناو ببەین".

ئێستا رۆژئاوای رووباری فورات لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل کۆنتڕۆلکراوە و ئەمەریکاش لە ئێستادا یارمەتییان پێشکەش دەکات، بەڵام ئەنقەرە یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت و بە "تیرۆرست" ناویان دەبات.

لە ساڵی 2015، ئاگربەستی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا هەڵوەشایەوە و جارێکی دیکە جەنگ لە نێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە.

لە بەهاری ئەمساڵیشدا، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوونی" بە ئامانج گەیاند کە بە داگیرکردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە یارمەتی هێزەکانی سوپای ئازادی سووریا تەواو بوو.

لە ئێستاشدا، ئەنقەرە هەڕەشە لە هێزەکانی یەپەگە دەکات لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ئەگەرچی ئەو هێزە کوردییانە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانان پشتگیری دەکرێن.

ئەم هەڕەشانەی تورکیا لە کاتێکدایە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پێشێلکاری لە عەفرین تۆمەتبار دەکات و داواش لە تورکیا دەکات پێشێلکارییەکانی چەکداران لە عەفرین بوەستێنێت

دیانا سەمعان، پسپۆڕ لە کاروباری سووریای رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمنستی رایگەیاند، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسن لە رفاندن و دزی و تاڵانکردن لە ماڵە کوردەکانی نێو عەفرین و داواشی لە حکومەتی تورکیا کرد هەوڵەکانی بۆ وەستاندنی کارە نایاسایی و نامرۆڤەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە عەفرین چڕ بکاتەوە و گرەنتی سەلامەتی ژیان لەو ناوچەیە بدات.

ئەمنستی هەروەها داواشی لە حکومەتی سووریا کرد چارەنووسی هەزاران ونبوو ئاشکرا بکات و تەرمی قوربانییەکانیش رادەستی کەسوکارەکانیان بکاتەوە.

H.J