ئەمەریکا پەیامێک بۆ خەڵکی ناڕازیی ئێران دەنێرێت

داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیامێکیدا بۆ خەڵکی ناڕازیی ئێران، پشتگیری وڵاتەکەی بۆیان دووپاتدەکاتەوە.

ناوێرت لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە بارەی مانگرتنی بەشێک لە بازرگان و فەرمانبەران لە ئێران نووسیویەتی: "ئێمە ئاگاداری هەواڵەکانی مانگرتنی گشتین لە ئێران، پشتگیری لە خەڵکی ئێران دەکەین تاکو بەشێوەیەکی ئاشتییانە داوا رەواکانیان بگەینن".

هەر لە نووسینەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەمەریکا هاتووە: "ئەم مانگرتنانە پەیامێکە بۆ رژێم تاکو واز لە بەهەدەردانی سامانی ئێران لە دەرەوە بهێنێت و لەبری ئەوە پێداویستی ناوخۆیی دابینبکات".

زیاد لە هەفتەیەکە بەشێک لە بازرگان و فەرمانبەرانی ئێران بەهۆی گرانی و خراپی دۆخی گوزەران، بە بایکۆتکردن و داخستنی دوکانەکانیان ناڕەزایی دژی حکوومەتی دەردەبڕن.

H.J