كۆمسیۆن لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتایی روونكردنەوە دەدات

"وردبینیکردن و بڕیاردان لە ئەنجامی سکاڵاکان جارێ کۆتایی نەهاتووە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وردبینیکردن و بڕیاردان لە ئەنجامی سکاڵاکان جارێ کۆتایی نەهاتووەو ئەمڕۆ ناتوانن ئەنجامەكانی كۆتایی رابگەیەنن.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە کۆمسیۆن ناتوانێت ئەنجامە کۆتاییەکان رابگەیەنێت، بەوپێیەی وردبینیکردن و بڕیاڕدان لە ئەنجامی سکاڵاکان جارێ کۆتایی نەهاتووە".

گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاشکراشیکرد، لە دوێنێ شەوەوە تۆمارکردنی فۆڕمەکان کۆتاییهاتووە، بەڵام ئەو راپۆرتەی خراوەتە بەردەست ئەنجوومەنی کۆمسیاران تەنیا ناوی قەوارە سیاسییەکانی تێدایە، بۆیە ئەوان وەك ئەنجوومەن داوامانکردووە ناوی کاندیدە دەرچووەکانیش بۆ راپۆرتەکە زیاد بکەن و جارێکی دیکە بۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران بنێردرێتەوە".

 شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆن پێشبینی دەکات پڕۆسەی وردبینیکردنی راپۆرتەکە و بڕیاڕدان لەسەر ئەنجامی کۆتایی سکاڵاکان دوو رۆژی دیکە بخایەنێت.