مه‌سعود حه‌یده‌ر پێدانی 4 وه‌زاره‌تی عێراقى به كورد پشتڕاست ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
له پۆستێكدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵاتیه‌تی فه‌یسبووك، مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: "به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، سبه‌ی كاتژمێر 6ی ئێواره یان رۆژی دواتر دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق".
حه‌یده‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه‌شی پشتڕاست كرده‌وه كه باس له ژماره‌ی ئه‌و وه‌زاره‌تانه ده‌كه‌ن، كه بۆ پشكی كورد دیاریكراون و گوتی: "كورد 4 وه‌زاره‌تی به‌رده‌كه‌وێت، یه‌كێكی سیادی و 3ی خزمه‌تگوزاری".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، هه‌ر ئه‌مڕۆ عه‌بدوڵڵا زه‌یدی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ره‌وتی حیكمه به سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم دووپاتیكرده‌وه، به‌شێك له كێشه‌كانی تایبه‌ت به پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق خه‌ریكه كاڵ ده‌بنه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پشكی كورد بۆ 4 وه‌زاره‌ت به‌رز كرایه‌وه"، گوتیشی، "پێشبینی ده‌كرێت پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو دوابخرێت".
ئه‌م قسانه‌ی زه‌یدی له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ یه‌كێك له میدیاكانی عێراق هاتوون و گوتی: "به‌شێكی زۆری كیشه ساده‌كان خه‌ریكه چاره‌سه‌ر ده‌بن، بڕیاریش بوو سبه‌ی كابینه‌ی نوێی وه‌زاری رابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام نازانم ئاخۆ دواده‌خرێت یان نا، چونكه به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانمان تائێستا په‌یكه‌ره‌كه‌ی ته‌واو نه‌بووه، بۆیه له‌وانه‌یه بۆ رۆژی شه‌ممه یان یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو دوابخرێت".
زه‌یدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پرسی یه‌كلاكردنه‌وه و دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا كۆتایی هاتووه، ئێستاش ده‌ست به دیاریكردنی وه‌زیره‌كان كراوه، پێده‌چێت 12 وه‌زاره‌ت بۆ پێكهاته‌ی شیعه و 6 وه‌زاره‌ت بۆ سوننه‌كان و 4 وه‌زاره‌تیش به كورد بدرێت، له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تێكیش بۆ پێكهاته‌كانی دیكه دیاریكراوه، كه پێشبینی ده‌كرێت كه‌سێكی كریستیان ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه ببات".
ئاشكراشیكرد، "له‌كاتێكدا پێشتر پشكی كورد 3 وه‌زاره‌ت بوو، ئێستا بۆ 4 وه‌زاره‌ت به‌رزكراوه‌ته‌وه و زۆر نزیكه له‌وه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌تانه بریتی بن له وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی، سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، كۆچ و كۆچبه‌ران و گه‌شت و گوزار"، به‌ڵام تائێستا هیچ لێدوانێكی فه‌رمی له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی كورده‌وه له‌مباره‌یه‌وه رانه‌گه‌یه‌ندراوه، ئاخۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه به‌گوێره‌ی خواست و ئیسحقاقی ئه‌وانه یان نا.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، بڕیار بوو سبه‌ی پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو رابگه‌یه‌ندرێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، لە دوو رۆژی داھاتوودا كابینەی حكوومەتی عێراق پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق دەكرێت.
روونیشیكردەوە: "لە قۆناخی یەکەمدا عادل عەبدولمەهدی، تەنیا چەند وەزارەتێك پێشکەشی پەرلەمان دەکات".
ئاماژەی بەوەشدا: "لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە تەنیا چەند وەزارەتێک پێشکەشی پەرلەمان بکرێت، بۆیەش هەوڵدەدەن کابینەکە بەتەواوی پێشکەش بکرێت".
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، بەڵام تائێستا كابینەی نوێی حكوومەتهكهی پێكنەھێندراوە.
H.B