سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی برایه‌تی بۆ خولی نایاب ده‌كات
له دووه‌مین ئه‌ڵقه‌ی به‌رنامه‌ی (فاوڵ) له رادیۆی كوردستان24، بارودۆخی كشانه‌وه‌ی یانه‌ی برایه‌تی و بۆچوونی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان خرایه ڕوو، ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌ستێره‌یه‌كی كوردی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش بۆ نێوه‌ندگیری و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا باس كرا.
"ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌بین ئاماده‌ین 100 جار داوای لێبوردن بكه‌ین"
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه قسه‌ی سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانه كه له به‌رسیڤێكی به‌رنامه‌ی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24 باسی لێوه كرد و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌وان ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر برایه‌تی هه‌ڵه‌یان كردبێت ئاماده‌ن 100 جار داوای لێبوردن له‌و یانه‌یه بكه‌ن.
كانه‌بی گوتیشی: دڵگرانین به كشانه‌وه‌ی یانه‌ی برایه‌تی له خوله‌كان، چونكه خولی نایاب پێویستی به یانه‌یه‌كی وه‌ك برایه‌تییه، به‌ڵام رێگه به‌به‌شداریكردنی ئه‌و یانه‌یه ناده‌ین تا به نووسراوی فه‌رمی داوای لێبوردن له فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان نه‌كه‌ن.
رامان ره‌شید: برایه‌تی به بڕیار تاكڕه‌وی زوڵمی لێ ده‌كرێت
رامان ره‌شید ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی برایه‌تی له میانه‌ی میوانداریكردنی له به‌رنامه‌ی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24 هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له رابردوو زوڵمی لێكردوونه، ده‌شڵێت: فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی پاره بۆ خه‌رجی خوله‌كان به‌شێوه‌ی سواڵكردن كۆ ده‌كاته‌وه و ناداپه‌روه‌ری به‌رامبه‌ر برایه‌تیش ده‌كات.
سه‌فین كانه‌بی: هیچ بڕیارێك به تاكڕه‌وی ناده‌ین
سه‌فین كانه‌بی وه‌ڵامی یانه‌ی برایه‌تی ده‌داته‌وه و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه كه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه تاكڕه‌وانه فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بڕیار ده‌دات.
كانه‌بی گوتیشی: ئێمه كاتێك مه‌رجی داوای لێبوردنمان بۆ یانه‌ی برایه‌تی پێشنیار كرد به بڕیار و واژۆی سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به هه‌موو ره‌نگ و ده‌نگه‌كانی نێو فیدراسیۆنه و هیچ بڕیارێك به‌تاكلایه‌ن و دیكتاتۆری نادرێت.
سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له باره‌ی تێچووی خوله‌كان به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌ری ده‌گرێت به ئاگاداری ئه‌ندامانی فیدراسیۆنه‌كه له حكوومه‌ت وه‌ری ده‌گرێت و سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كان به‌شێوه‌ی نووسراو بۆ حكوومه‌ت ده‌نێرینه‌وه و خه‌رجی و پاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف بۆ خزمه‌تی وه‌رزشوانان و خوله‌كان به‌كاردێت.
برایه‌تی: ده‌بێت داوای لێبوردنمان لێ بكرێت
رامان ره‌شید ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی برایه‌تی له به‌رسیڤێكی به‌رنامه‌ی (فاوڵ) رایگه‌یاند كه خۆیان به سته‌ملێكراون ده‌زانن و تا فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به فه‌رمی داوای لێبوردنیان لێ نه‌كات ناگه‌ڕێنه‌وه ژێر چالاكییه‌كانی فیدراسیۆنه‌كه.
كانه‌بی: برایه‌تی تا گه‌ڕی سێیه‌م ده‌رفه‌تی بۆ گه‌ڕانه‌وه له‌پێشه
سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له وه‌ڵامێكی كوردستان24 ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه تا هه‌فته‌ی سێیه‌می خولی نایابی كوردستان چاوه‌رێی یانه‌ی برایه‌تی ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ش دوایین ده‌رفه‌ته له‌به‌رده‌م ئه‌م یانه‌یه.
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند ئه‌ستێره‌ی كوردی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له ماوه‌كانی رابردوو به مه‌به‌ستی ده‌ستپێشخه‌ریكردن و رێگه چاره‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی یانه‌ی برایه‌تی بۆ خولی نایابی كوردستان سه‌ردانێكی مه‌یدانی سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانی كردووه و په‌یوه‌ندی به ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی برایه‌تیش كردووه بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی لێكتێگه‌یشتن دوور له چاوی میدیاكان بێنێته پێشه‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر له میانه‌ی به‌شداریكردنی له پرۆگرامی فاوڵ له رادیۆی كوردستان24 سووپاسی هه‌ردوولای كرد كه جۆرێك له نه‌رمی نواندن بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كان هه‌ست پێده‌كرێت.
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند گوتیشی: ناكرێت یانه‌ی برایه‌تی له خولی نایاب به‌هۆی وشه‌یه‌كی ساده بكشێته‌وه و تاموچێژی خوله‌كه كه‌مبكاته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ناكرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانیش ئه‌م وشه‌یه بكاته مه‌رجی كۆتایی و پێویسته هه‌ردوولا له‌ژوورێك دابنیشن و كێشه‌كان له‌وه بچووكتر و ئاسانتره كه له میدیاكان گه‌وره كراوه.
له دونیادا به‌كارهێنانی وشه‌ی داوای لێبوردن بۆته كولتورێكی جوانی وڵاتان و شانازی پێوه ده‌كه‌ن، بۆیه ناكرێت ئه‌م وشه‌یه به شه‌رم و شووره‌یی لێك بدرێته‌وه.
وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان به به‌شداری 13 یانه دووشه‌ممه‌ی رابردوو ده‌ستیپێكرد، یانه‌ی برایه‌تیش 48 كاتژمێر پێش ده‌ستپێكی خوله‌كه كشانه‌وه له سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان راگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بوون داوای لێبوردن له فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بكه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌رزی رابردوو له مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كان له شاری دهۆك بكه‌ن ئاماده‌نه‌بوون.