یەكگرتووی ئیسلامی دەرگا دادەخات

پارتی كەسێك بۆ پێكھێنانی حكوومەت رادەسپێرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای یەكلایی كردنەوەی سكاڵای ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، پارتی كەسێك بۆ پێكھێنانی حكوومەت رادەسپێرێت. یەكگرتووی ئیسلامیش كە بڕیاریداوە لە خوولی نوێی پەرلەمانی كوردستان ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئامادە نییە بۆ قسە و باسكردن لەسەر پێكھێنانی حكوومەت دەرگا لەسەر ھیچ حزبێك بكاته‌وه‌ و دەڵێت" پارتی و یەكێتی لەماڵی خۆیان و ئێمەش لە ماڵی خۆمان".

پشتیوان سادق، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای یەكلایی كردنەوەی سكاڵا لەسەر ئەنجامەكان، پارتی كەسێك بۆ پێكھێنانی حكوومەت رادەسپێرێت و ھاوكات سەردانی لایەنەكانیش دەكات، كە بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و بارودۆخی كوردستان مامەڵە دەكرێت".

یەكگرتوو كە ھەر دوای دەركەوتنی ئەنجامە كۆتاییەكان، كارتی ئۆپۆزسیۆن بوونی روەو پارتی بەزركردەوە، ئەو حزبە بە ھۆی دابەزینی ژمارەی كورسییەكانی، ئێستا جۆرێك دڵی رەنجاوە نایەوێت پارتی و یەكێتی لە دەرگای بدەن.

فەرھاد یاسین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "ئێمە پێشتر بڕیارمانداوە و پێویست ناكات ھیچ لایەنێك داوای بەشداریكردن لە حكوومەتمان لێ بكات، بۆیە ئێمە ئامادەنین پێشوازی لە ھیچ لایەنێك بكەین، بۆ پێكھێنانی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

دەشڵێت: "دەركەوت لە رابردوودا ھەموو ئەو پرس و رایانەی بە یەكگرتووكراوە پرسە خەسوانە بووە و بۆ كات كوشتن بووە، بۆ قۆناخی داھاتوو بە پارتی و یەكێتی دەڵێین، ئێوە لە ماڵی خۆتان و ئێمەش لە ماڵی خۆمان".

تا ئێستا یەكگرتووی ئیسلامی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمی بڕیاری بەشدارینەكردنیان لە حكوومەتی داھاتووی ھەرێمی كوردستان داوە، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیش بە دوای روونتر دیتنی وێنە سیاسییەكەوەن، تا ئەو بڕیاڕەی كە دواجار دەیدەن لە داھاتوودا پەنجەی پەشیمانیان پێ نەگەزێت.

ھ.م